بەرپرسێكی كۆمەڵ: تائێستا تەنیا ئێمە و پارتی سوورین بۆ هەڵبژاردن لە كاتی خۆی

‌مەروان گەڵاڵی

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
بەرپرسێكی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت، تائێستا تەنها ئەوان و پارتی بە فەرمی داوایان كردووە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی خۆیدا بكرێت.


مەروان گەڵاڵی، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان بە وێستگە نیوزی راگەیاند، تائێستا تەنها ئەوان و پارتی بە فەرمی داوایان كردووە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی خۆیدا بكرێت، چونكە لەسەر ئاستی حزب و رێكخراوەكانیشیان داوای دواخستنیان نەكردووە.

ناوبراو وتی: "مەعقول نییە ئەو هەموو مەسروفاتە كراوە و تۆماری دەنگدەران لەلایەن كۆمسیۆنەوە پێداچوونەوەی پێدا كراوە هەڵبژاردن نەكرێت، پاشان هۆكار بۆ دواخستنەكەی چییە؟، لە وڵاتانی دەرەوە لە كاتی هەبوونی قەیران هەڵبژاردن پێشدەخرێت، بەڵام ئێمە وا ساڵێكە هەڵبژاردنیشمان دواخستووە".

بڕیارە رۆژی 30ی ئەیلول هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنیش رۆژی 5ی ئەیلولی وەكو یەكەم رۆژی بانگەشە و 28ی ئەیلولیشی وەك كۆتا رۆژ دیاریكردووە.

هــ. ر


AM:11:48:28/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 1900 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو