نوسینگەی عەبادی: سەرۆک وەزیران شاندی هەرێمی نەبینیووە


وێستگە نیوز-

سەعد حەدیسی وتەبێژی نوسینگەی ڕاگەیاندنی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، عەبادی شاندی باڵای ئەنجومەنی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانی نەدیووە.

حەدیسی ئاماژەی بەوەکرد ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوە کە باس لەوە دەکەن گوایە سەرۆک وەزیرانی عێراق شاندی باڵای ریفراندۆمی هەرێمی کوردستانی بینیووە.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، سەردانی بەغدایانکرد، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتیمانی، دوای کۆبوونەوەکە، عەلی عەلاق، سەرکردە لە هاوپەیمانی نیشتیمانی وتی "پشتگیری هەموو ڕێکارەکانی حکومەتی ناوەندی دەکەین دژی ڕیفراندۆم".

هەروەها ئەوەشی وت "ئەنجامەکانی ئەم ڕیفراندۆمە لە بەرژەوەندی گەلی کورددا نابێت".

ئەوەش دوای ئەوە هات، کە ڕۆژ نوری شاوەیس، ڕایگەیاند، بەرپرسانی بەغدا دەڵێن دەبێت پێش ڕیفراندۆم گفتوگۆ بکرێت.

هەروەها وتیشی، ڕیفراندۆم لە هەموو شوێنەکان دەکرێت بە کەرکوکیشەوە.

شاندەکە پێکهاتووە لە ڕۆژ نوری شاوەیس، فوئاد حسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم، سەعدی ئەحمەد پیرە، محەمەد ئەحمەد، ڕۆمیۆ هەکاری نوێنەری کلدو ئاشورییەکان و ماجد بازرگان نوێنەری تورکمانەکان لەگەڵ ڤیان دەخیل وەک نوێنەری ئیزیدیەکان.

ئەوەش لەکاتێکدایە ڕۆژی 14ی ئاب شاندی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم سەردانی بەغدایان کرد و لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی و فوئاد مەعسوم و سەلیم جبوری و نوری مالیکی و کونسوڵی وڵاتان و سەرکردەکانی شیعە کۆبوونەوە.



د,ف


PM:09:36:23/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 3868 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو