وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی كۆبوەوە

‌كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی فەرەنسا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت

وێستگە نیوز-

دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی ژان ئیف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و فلۆرانس پارلی، وەزیری بەرگریی فەرەنسا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆبونەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 26ی ئابی 2017، هەریەك لە ژان ئیف لۆدریان وەزیری دەرەوەو فلۆرانس پارلی وەزیری بەرگری فەڕەنسا بەسەردانێك گەیشتنە هەولێری پایتەخت و لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم پێشوازییان لێكرا، پاشان وەفدە فەڕەنسییەكە سەردانی سەڵاحەدینیان كرد و لەلایەن مەسعود بارزانی پێشوازیان لێكراو و لەگەڵیدا كۆبوونەوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا كە كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری سەرۆكی هەرێم و ژمارەیەك لە بەرپرسە سیاسی و ئیداری و سەربازییەكانی هەرێم ئامادەی بوون، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی كوردستان جەختی لە پەیوەندیی دۆستانە لەنێوان هەردوو گەلی فەڕەنسا و كوردستان كردەوەو ڕایگەیاند "تەنانەت بە گۆڕینی سەرۆك و حكومەتەكانی فەڕەنساش ئەو پەیوەندییە هەر بەردەوام و دۆستانەیە.

لەبەرامبەردا بارزانی سوپاسی گەل و سەرۆك و حكومەتی فەڕەنسای كردو فەڕەنسای بە دۆستێكی گەورەی گەلی كوردستان لە قەڵەمدا و لە وتەیەكدا ڕۆشنایی خستەسەر هەڕەشەی تیرۆر و ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و ڕۆڵی پێشمەرگە لەو ئۆپەراسیۆنەداو رایگەیاند" بۆ مسۆگەركردنی سەقامگیری لەقۆناغی دوای داعش پێویستە بەجددی كار لەسەر نەهێشتنی هۆكارەكانی دەركەوتنی ئەلقاعیدە و داعش بكرێت و جگە لە شەڕی سەربازی، شەڕی فكری و ئابووری و كۆمەڵایەتیی تیرۆریش بكرێت.

لە كۆتایی ئەو كۆبوونەوەیەدا هەردولا جەختیان لە بەردەوامیی دۆستایەتی و هەماهەنگیی لەنێوانیان كردەوە.


PM:07:37:26/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 1600 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت