لە وەڵامی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی، دادگای فیدراڵیی عێراق کارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی راگرت


وێستگه‌نیوزـ

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ده‌قی سکاڵاکەی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆکی حکومەتی هه‌رێمی كوردستانی بڵاوکردوە کە دوێنێ دووشەممە لە دژی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان تۆماری کردو لە وەڵامی داواکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، دادگای فیدراڵی کارەکانی کۆمسیۆنی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی، تا یەکلاییکردەوەی سکاڵاکە راگرت. 


ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ لە فەرمانێکی‌ بەپەلە (ئەمر وەلائی)، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە بەرژوەندیی سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بازرانی، سەرۆکی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی دەرکرد و فەرمانی کرد به‌شێوەیەکی کاتی جێبەجێکردنی بڕگەی تایبەت بە دابەشکردنی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕابگیرێت، وه‌ك له‌ ده‌قی فه‌رمانه‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵیشدا ده‌رده‌كه‌وێت، فەرمانەکە سەبارەت بە دواخستنی‌ هەڵبژاردن نییە.

لەوەڵامی سكاڵاكه‌ی مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ دوێنێ دووشه‌ممه‌ ئاراسته‌ی دادگاكه‌ی كردبوو، ئه‌مرۆ سێشەممە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە وەڵامی سکاڵایەکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ فەرمانێکی "وەلائی" دەرکرد  بە مەبەستی ڕاگرتنی جێبەجێکردنی بڕگەی (دووەم)ی ماددەی (2) لە سیستمی تۆمارکردن و پەسەندکردنی لیستی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ژمارە (7)ی ساڵی 2024، کە تێیدا هاتووە  (پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە (100) کورسی پێکدێت کە بەسەر ئەم بازنانەی هەڵبژاردندا دابەشکراون: پارێزگای هەولێر 34 کورسی،  سلێمانی 38 کورسی، دهۆک:25 کورسی و  هەڵەبجە 3 کورسی).

لە بریارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراقدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم پرسە بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە تا داواکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم یەکلایی دەبێتەوە، دەشڵێت: پاساوی داواکەی بارزانی بریتیە لەوەی کۆمیسیۆن چوار بازنەکەی لەسەر بنەمای ژمارەی دەنگدەران دابەش کردووە نەوەک لەسەر ژمارەی دانیشتوان.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ دوێنێ دووشەممە مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەڕێگەی پارێزەرەکەیەوە لە دادگای باڵای فیدراڵی، سکاڵای لە دژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکردو  لە سکاڵاکەیەدا داوای لە دادگای باڵای فیدڕاڵی كرد، بڕیارێکی بەپەلە دەربکات بۆ راگرتن و هه‌ڵپه‌ساردنی ئه‌و رێوشوێنانه‌ی كه‌ كۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان گرتویه‌تییه‌ به‌ر".

له‌ سكاڵاكه‌یدا مه‌سرور بارزانی له‌رێگه‌ی پارێزه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ به‌ناوی "ئه‌یاد ئیسماعیل محه‌مه‌د" ئاماژەی بەوە کردبوو، "کۆمیسیۆن لە دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن، سەرپێچی دەستوور و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کردووە، چونکە کۆمیسیۆن لە دابەشکردنی ژمارەی کورسیی بازنەکان، پشتی بە ژمارەی دەنگدەران بەستووە نەوەک ژمارەی دانیشتوانی ئەو بازنانە، ئەمەش پێچەوانەی دەقی ماددەی 49ی دەستوری عێراقە".

هەر لە سکاڵاکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتبوو، "ماددەی تانەلێگیراو سەرپێچی بڕگەکانی دەستوری کردووە، کە تیایدا هاتووە رەچاوی نوێنەرایەتی تەواوی پێکهاتەکانی گەل بکرێت"، دەشڵێت "راستە ئەم بڕگەیە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، بەڵام بنەمایەکە دەستوور پەسەندی کردووە و پێویستی نوێنەرایەتی پێکهاتەکانە لە تەواوی دەسەڵاتەکانی یاسادانانن، بۆیە پێویستبوو کۆمیسیۆن رەچاوی هاوسەنگی بکات، بە دیاریکراوی تایبەت بە پێکهاتەکانی تورکمان و مەسیحی".


PM:02:38:07/05/2024










ئه‌م بابه‌ته 1832 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت