ئەمریکا: ڕیفراندۆمی هەرێم عێراق زیاتر ناسەقامگیر دەکات

‌هێزەر نويرت

وێستگە نیوز-

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی دەبێتە هۆی زیاتر ناسەقامگیربوونی عێراق.

رۆژی سێ‌ شەممە لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا هێزەر نويرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند "ئێمە نیگەرانی جدیمان لەبارەی ڕیفراندۆمی هەرێمەوە دەربڕیوە، تەنانەت ئەگەر بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆییش نەبێت."

ئەوەشی وتووە، دەزانن کە هەرێمی کوردستان بەچیدا دەڕوات و ئامانجی چییە، بەڵام نابێت چاو لەسەر پرسە گرنگەکە لابەرن کە ئەویش شەڕی دژی داعشە.

ڕاشیگەیاند "ئەوەی کە ئێمە پێمان خۆشە بیبینین عێراقێکی سەقامگیر و ئاسایش و یەکگرتووە."

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هەولێر و بەغدا دابنیشن و پێکەوە گفتوگۆ بکەن، ئەوا کارێکی باش دەبێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە بڕیارە هەرێمی کوردستان لە 25ی ئەیلولدا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجامبدات و تا ئێستاش جگە لە ئیسرائیل هیچ ووڵاتێک پاڵپشتی خۆیی بۆی ڕانەگەیاندووە.

بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم، شاندێکی باڵای ئەنجومەنی ریفراندۆم دوو ڕۆژ لەمەوبەر سەردانی بەغدایان کردو بەپێی زانیارییەکان، شاندی هەرێم و بەرپرسانی بەغدا رێککەوتوون لەسەر گەڕاندنەوەی متمانە لەنێوان هەردولادا.

ئەوەش لەکاتێکدایە ڕۆژی 7ی حوزەیران جگە لە گۆڕان و کۆمەڵ، لایەنە سیاسیەکانی دیکەی هەرێم لەگەڵ بارزانیدا کۆبوونەوەو بڕیاریاندا ڕۆژی 25ی ئەیلول ڕیفراندۆم لەهەرێمی کوردستاندا ئەنجام بدرێت و ئەنجوومەنێکی باڵاش بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پێکهێنرا لە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان.

هاوکات ڕۆژی 8ی ئابی 2017 جوڵانەوەی نەخێر لەئێستادا بۆ ڕیفراندۆم بەفەرمی ڕاگەیەندراو داوای دواخستنی ڕیفراندۆمی 25ی مانگی ئەیلولی کرد.


AM:09:49:16/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 1468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت