بهغدا 340 ههزار تهن گهنمی جووتیارانی ههرێم وهردهگرێت
وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەستپێدەکات
وێستگه نیوز ـ
پڕۆسەی وەرگرتنی بەرھەمی جووتیاران لە عیراق دەستیپێکرد و پەرلەمانتارێکی کوردیش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئەمساڵ 340 ھەزار تهن گەنم لە ھەرێمی کوردستان وەردەگیرێت و سەرۆک وەزیرانی عیراقیش 500 ملیار دیناری تەرخان کردووە بۆ جووتیاران.
محەمەد ئەمین مزووری، ئەندامی ئهنجومهنی نوێنهرانی عیراق له فراکسیۆنی پارتی بە ماڵپەری فەرمی حزبهكهی راگهیاند: "وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ رێک کەوتوون لەسەر وەرگرتنی بەرھەمی ئەمساڵی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان و بڕیارە بۆ ئەمساڵ 340 ھەزار تهن گەنم لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە لە ھەرێمی کوردستان وەربگیرێت".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی وتیشی: "ئێستا بەھۆی گەیشتنی بەرھەمی ناوچەکانیان پڕۆسەی وەرگرتنی بەرھەمی گەنم لە ناوچەکانی باشووری عیراق دەستیپێکردووە و بڕیارە لەگەڵ گەیشتنی بەرھەمی ھەرێمی کوردستانیش لە رۆژانی داهاتوو پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە لایەن سایلۆکانەوە دەستپێبکات".
پهرلهمانتارهكهی پارتی روونی کردەوە: "سەرۆک وەزیرانی عیراق 500 ملیار دیناری بۆ شایستەی جووتیارانی عیراق خەرج کردووە کە پشکی ھەرێمی کوردستانیشی تیادایە، بەڵام ئەم بڕە پارەیە بۆ شایستەی ئەمساڵی جوویتارانە نەک ساڵانی رابردوو".
محەمەد ئەمین مزووری راشیگهیاند: "رۆژانی رابردوو ژمارەیەک جووتیاری ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد، بەڵام لە کاتی سەردانیاندا سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی لە دەرەوە بوون، بەڵام ئێمە وەک نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان بەڵێنی ئەوەمان پێ داون لەگەڵ سەرۆک وەزیران ئەو بابەتە یەکلا بکەینەوە و ھەرچی شایستەی جووتیارانی ھەرێمە خەرج بکرێت".
هــ. ر
PM:08:44:27/04/2019
ئهم بابهته 4088
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت