بڕە پارەیەك گەیشتە هه‌رێمی كوردستان و سبه‌ینێ دەست بە دابەشكردنی دەكرێت


وێستگه‌ نیوزـ

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد كه‌ بڕی 25 ملیار دیناری پارەی گەنمی جوتیارانی دهۆک گەیشتە كوردستان و دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.

نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی هەرێمی كوردستان بە باسنیوز-ی راگەیاند: "بڕی 25 ملیار دیناری پارەی گەنمی جوتیارانی پارێزگای دهۆك بۆ ساڵی 2017 گەیشتووەتە كوردستان و سبەینێ بەپێی چەكەكان به‌سەر جوتیارانی‌ ئەو پارێزگایە دابه‌ش ده‌كرێت."

ئەو پەرپرسەی وەزارەتی بازارگانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ پارەی جوتیارانی پارێزگای دهۆك دواكەوتبوو، بەڵام پارەكە لە بەغداوە نێردراوە و سبەی دووشەممە 16ی‌ تشیرینی یه‌كه‌می 2017 دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.

جەختیشی كردەوە، پارەی گەنمی جوتیارانی پارێزگای سلێمانی دابەشكراوە و لە هەولێریش بەپێی كاتی ڕادەستكردنی گەنمەكان پارەكان دەدرێتە جووتیاران.

نەوزاد ئەدهەم، وتیشی: "لە كۆی پارەی گەنمی 2017ی جوتیارانی كوردستان 47 ملیار دینار لای بەغدا ماوە و چاوەڕوانی ناردنی دەكەن بۆ ئەوەی بیده‌ن به‌ جوتیاران".

سەرەڕای ئەوەی به‌غدا لە کاتی خۆیدا بەرهەمەکان وەردەگرێت، لە ساڵی 2014ەوە تائێستا بەبڕیارێکی سیاسی حکومەتی عیراق بەشێکی زۆر لە شایستە داراییەکانی جوتیارانی کوردستان بەبیانوی جۆراوجۆر نەدراوە.

بڕی شایستە داراییەکانی جوتیارانی کوردستان بۆ ساڵانی (2014-2015-2016) کە لەلای حکومەتی عیراقی ماوە و هێشتا خەرجی نەکردووە، بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

ساڵی 2014 - 60 ملیار دینار
ساڵی 2015 - 243 ملیار دینار
ساڵی 2016 - 386 ملیار دینار

ر.ع


PM:05:27:15/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 46552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو