هه‌په‌گه‌: حه‌وت سه‌ربازی توركیامان له‌ باكوری كوردستان كوشتووه‌

‌گەریلاکانی پارتی کرێکاران لە رووبەرووبوونەوەی سوپای تورکیا

وێستگه‌ نیوز ـ
هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا حەوت سەربازی سوپای تورکیایان لە باکوری کوردستان کوشتووە و لەبەرامبەریشدا حەوت گەریلایان شەهید بووە.


ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاتژمێر نۆی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 21ی نیسانی 2018، گەریلاکانی هەپەگە هێرشێکیان بۆسەر بنکەوبارەگاکانی سوپای تورکیا لە گردی کۆردینەی سەر بە ناوچەی چەلێی جولەمێرگ ئەنجامداوە و لەو هێرەشەدا پێگەکانی سوپای تورکیا زیانی زۆریان پێگەیشتووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، دوێنێ گەریلاکانی هەپەگە چالاکییەکان دژ بە سوپای تورکیا لە نزیک گردی لێلکان ئەنجامداوە و لەو  چالاکییەدا دوو سەربازی تورکیا کوژراون.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەرلەبەیانی 18ی ئەم مانگە و لە گردی کولندی سەربە ناوچەی هەرەکۆلی سێرت، چالاکییەک لەلایەن گەریلاکانیانەوە ئەنجامدراوە و لەو چالاکییەدا پێنج سەربازی سوپای تورکیا کوژران و دوو سەربازی دیکەش برینداربوون.

ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە ئاماژەی بەوەش کردووە، سوپای تورکیا ناچار بووە لە ناوچەی هەرەکۆل پاشەکشە بکات و نەیتوانییوە هێزەکانی بگەیەنێتە شوێنی ئۆپەراسیۆنەکە، بۆیە دەستیکردووە بە بۆردوومانکردنی ئەو ناوچەیە و لە ئەنجامی بۆردوومانەکانیشدا حەوت گەریلا شەهیدبوون.

لە ماوەی رابردوو چەندین جار شەڕوپێکدادان لە نێوان هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) و سوپای تورکیا لە سنورەکانی باکور و باشوری کوردستان روویداوە و بەوهۆیەشوە هەر دوولا زیانی گیانی و مادیان پێگەیشتووە.

هــ. ر


PM:05:07:21/04/2018


ئه‌م بابه‌ته 3348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو