هەپەگە ڤیدیۆی‌ هێرشکردنە سەر بنکەیەکەی‌ سەربازی تورکیای بڵاوکردەوە


وێستگه‌ نیوز ـ
هەپەگە ڤیدیۆی‌ هێرشی گەریلاکانیانی بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی‌ سوپای‌ تورکیا لە گردی کۆردینە لە ناوچەی‌ چەلێی‌ جۆلەمێرگ بڵاوکردەوە، کە تیایدا 10 سەربازی‌ سوپای‌ تورکیا کوژراون و سێ کابینە و دوو سەنگەریش تێکشکێنراون.


ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ ناوەندی راگەیاندنی‌ هێزەکانی‌ پاراستنی‌ گەل (هەپەگە) بڵاویکردەوە، گەریلاکانیان رۆژی 14ی‌ کانوونی دووەمی 2018 و لە کاتژمێر 10 و 30 خولەکی‌ پێشنیوەڕۆدا هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی‌ سەربازیی‌ سوپای‌ تورکیا لە گردی‌ کۆردینە لە ناوچەی‌ چەلێی‌ جۆلەمێرگ.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە هێرشی‌ گەریلاکانیاندا سێ کۆنتێنەری‌ شوێنی‌ مانەوەی‌ سەربازانی‌ تورکیا و دوو سەنگەری‌ ئەو هێزە سەربازییە تێکشکێنراون و ئاگریان تێبەربووە. بە لانیکەمیشەوە 10 سەربازی‌ سوپای‌ تورکیا کوژراون.

بەپێی‌ ئەو گرتە ڤیدیۆیە کە ماڵپەڕی‌ گەریلا تیڤی‌ بڵاویکردووەتەوە، هێرشی گەریلاکانی‌ پەکەکە بۆ سەر ئەو بنکە سەربازییەی‌ سوپای‌ تورکیا بە مووشەکی‌ ئاگرین ئەنجامدراوە.

ناوچەی‌ چەلێی‌ جۆلەمێرگ یەکێکە لەو ناوچانە کە بە بەردەوامی‌ شەڕ لە نێوان گەریلاکانی‌ پەکەکە و هێزەکانی‌ سوپای‌ تورکیا تیایدا ڕوودەدات.

لە بەردەوامیی‌ شەڕەکان لە ناوچەی‌ چەلێ رۆژی 28ی‌ کانوونی یەکەمی 2017 گەریلاکانی‌ پەکەکە هێرشیان کردبووە سەر بنکەیەکی‌ تری‌ سوپای‌ تورکیا لەو ناوچەیەدا و کۆپتەرێکی‌ سوپای‌ تورکیاشیان پێکابوو. ڤیدیۆی‌ ئەو هێرشە و پێکانی‌ کۆپتەرەکەشیان بڵاوکردەوە.

هــ. ر


PM:06:30:17/01/2018


ئه‌م بابه‌ته 2468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو