وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم: لای ئێمه‌ش جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه بۆ عێراق مووچه نانێرێت
هونه‌ر جه‌مال، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم
وێستگه‌نیوز-
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت كه حكومه‌تی هه‌رێم هه‌موو مه‌رجه‌كانی عێراقی بۆ دابینكردنی مووچه‌ی مانگی چوار دابینكردووه و "جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه" بۆچی حكومه‌تی عێراق هه‌تا ئه‌مڕۆ، 6ی مانگی پێنجی 2024 مووچه‌ی مانگی چواری مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی دابین نه‌كردووه.
هونه‌ر جه‌مال، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی داواكاری عێراق بوو له كوردستان، كوردستان هه‌مووی جێبه‌جێكرد هه‌ر له لیستی ناوی چواری تا لیستی هێزه ئه‌منیه‌كان كه رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كرا و به كۆد نێردرا بۆ به‌غدا، ئیدی نازانین عێراق چی ده‌وێت له كوردستان و جێگای پرسیاره. گه‌ر ئه‌مه بابه‌تێكی سیاسی نه‌بێت بۆ دواكه‌وتنی مووچه چی لێكدانه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی بۆ ده‌كرێت؟".
وتیشی: "بۆ مانگی چوار دوو رێكار هه‌بوو ئێمه ههردووكیمان گرته‌به‌ر: یه‌كه‌م، ناردنی لیستی مووچه، دووه‌م ته‌رازووی پێداچوونه‌وه. ئێمه دوو هه‌فته له مه‌وبه‌ر هه‌موو ئه‌م داواكاریانه‌مان ناردووه، به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌وه‌ی لای ئێمه جێگای سه‌رسوڕمانه ئێستا عێراق موبه‌ریری چیه كه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی دواخستووه له كاتێكدا ئه‌بینین كه له‌وێ (سنوره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عێراق) مووچه دراوه و كێشه‌ی نه‌ختینه نییه".
تا ئاماده‌كردنی ئه‌م راپۆرته، به‌رپرسانی عێراق هیچ لێدوانێكی فه‌رمییان نه‌داوه له‌سه‌ر هۆكاری دواكه‌وتنی مووچه‌ی مانگی چوار.
هونه‌ر جه‌مال باسی له‌وه‌شكرد كه "لیستی مووچه‌مان ناردووه و وردبینی كراوه، ئیدی بیانووی چی‌یان هه‌یه نازانین. بۆیه نابێت مووچه ببه‌سترێته‌وه به هیچ كێشه‌یه‌كی دیكه‌وه، ئێمه له‌سه‌رووی هه‌موو كێشه‌كانه‌وه ده‌رگامان كرایه‌وه له مه‌سه‌له‌ی داهاتی ناوخۆ و توومانه، 'فه‌رموون به‌سه‌رچاو هه‌رچی داهاتی فیدراڵی هه‌یه ئاماده‌ین راده‌ستی بكه‌ین له مه‌سه‌له‌ی ته‌وتینن ئه‌وه هه‌ژماری مننمان هه‌یه هیچ گرفتێكی دروستنه‌كردووه و گرفتێكی ته‌كنیكی و یاسای له‌سه‌ر پرۆژه‌كه نییه'. به‌و هیوایه‌ین مه‌به‌سته‌كه‌یان ته‌نها بۆ ئه‌وه نه‌بێت بیانه‌وێت جارێكی تر كێشه بۆ مووچه دروستبكه‌ن".
ڕۆژی 21ی مانگی دووی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق له‌سه‌ر سكاڵای سێ هاوڵاتی نیشته‌جێی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی پابه‌ندكرد به چه‌ندین بڕیاری كارگێڕی و دارایی و بڕیاری راده‌ستكردنی نه‌وتی هه‌رێمیشی به حكومه‌تی عێراق ده‌ركرد.
دوای بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی، وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی عێراق ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕی بۆ ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، به‌ڵام له رێگه‌ی بانكه حكومییه‌كانی عێراقه‌وه.
سۆران عومه‌ر ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هۆكاری نه‌ناردنی مووچه بۆ هه‌بوونی كێشه‌ی ته‌كنیكی ناگه‌ڕێنێته‌وه به‌ڵكو ده‌ڵێت "حكومه‌تی هه‌رێم تا ئێستا هیچ هه‌نگاوێكی كرداری نه‌ناوه له باره‌ی ته‌وتینكردنی مووچه و راده‌ستكردنی داهاتی ناوخۆ".
سۆران عومه‌ر ده‌ڵێت: "دادگای فیدراڵی عێراق له 21ی مانگی دوو بڕیاری له باره‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانهوهدا و حكومه‌تی عێراقی ناچاركردووه به پێدانی مووچه له رێگه‌ی ته‌وتینه‌وه. وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی عێراقیش دوو مووچه‌ی نارد، به‌ڵام هه‌رێم هه‌نگاو نانێت بۆ چاره‌سه‌ری دۆخه‌كه."
مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له رۆژی 30ی مانگی چواری 2024 نوسراوێكی ئاراسته‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كردووه، تێدا له ناوه‌ڕۆكی نوسراوه‌كه‌دا هاتووه، "هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و بانكی بازرگانی تی بی ئای رێككه‌وتوون وه‌ك بانكێكی فیدڕاڵ، له ته‌وتینكردنی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان به‌شداربێت".
به‌پرسانی هه‌رێم ده‌ڵێن بانكه‌كه له رێگه‌ی سیسته‌می دیجیتاڵی "هه‌ژماری من" به‌شدارده‌بێت له پرۆسه‌كه‌دا.
دواكه‌وتی مووچه‌ی مانگی چوار له كاتێكدایه كه مانگی پێشوو وه‌زاره‌تی دارایی عێراق هه‌ردوو مووچه‌ی مانگی دوو و سێ له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا ره‌وانه‌كرد. دواتر ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانی مامۆستایانی "زۆنی سه‌وز" وه‌ستا.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ جارێكی تر دواكه‌وتنی مووچه، ده‌نگۆكان بۆ دووباره ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی له لایه‌ن مامۆستایانه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه.
هونه‌ر جه‌مال وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم ئه‌وه‌شی وت كه "مووچه تا لای ئێمه بوو دیاربوو. تا لای ئێمه بوو نه‌وتمان ئه‌فرۆشت و 21ی مانگ مووچه‌مان له‌كاتی خۆیدا دابه‌شده‌كرد، مه‌گه‌ر یهكدوو رۆژ لیستی مووچه دواكهوتبایه، رامان ده‌گه‌یاند. به‌ڵام دوای (راگرتنی) هه‌نارده‌نه‌كردنی نه‌وت ئێمه كه‌وتینه كێشه‌ی قوڵ له‌گه‌ڵ عێراقه‌وه، ئێمه پار له یاسای بودجه هه‌موو رێكه‌وتنێكمان له‌گه‌ڵ عێراقدا كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌بوو دواجار له په‌رله‌مانی عێراق ده‌ستكاری ماده‌كانی تایبه‌ت به پشكی هه‌رێمی كوردستان كرا و دواجار یاساكه كاری نه‌كرد".
به‌پێ ئاماره نافه‌رمیه‌كان، نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن و 200 هه‌زار مووچه‌خۆر له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ن، به‌ڵام زۆربه‌یان هه‌ژماری بانكییان نییه.
دوێنی 5ی مانگی پێنج، شاندێكی بانكی بازرگانی تی بی ئای سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ ئه‌وه‌ی بێنه ناو پرۆسه‌ی هه‌ژماری منه‌وه، به‌ڵام به‌رپرسانی حكومه‌ت تا ئێستا زانیاری‌یان له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی دانیشتنه‌كه بڵاونه‌كردۆته‌وه.
PM:10:38:06/05/2024
ئه‌م بابه‌ته 1476
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت