دەمیرتاش: ئامادەم بۆ بوون بەکاندیدی پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا
سەڵاحەدین دەمیرتاش
وێستگه نیوز ـ
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە رێگەی نامەیەکەوە لە زیندان رایگەیاند ئامادەیی تەواوی تیادایە کێبڕکێ بکات بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا.
رۆژنامەی جمهوریەتی تورکی لە راپۆرتێکدا نامەکەی دەمیرتاشی بڵاویکردەوە و ئاشکرایکرد، نامەکە لە زیندانی ئەدیرنە و لە رێگای پارێزەرەکانییەوە بڵاوکراوەتەوەو باسی پرسی کاندید بوونی دەمیرتاش لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا دەکات.
لەو نامەیەدا هاتووە: لەبارەی کاندیدی سەرۆک کۆماریی پارتی دیموکراتیی گەلان، بەرپرسانی حزبەکە هەوڵی پێویستیان ئەنجامداوە و پاش ئەوە کە بڕیاری کۆتایی درا لە لایەن ئەنجومەنی ناوەندییەوە بەیاننامەیەک لەو بارەوە بڵاو دەکرێتەوە.
دەمیرتاش لەبارەی ئەگەری کاندید بوونی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا ئاشکرای کرد: "قەدەغەی سیاسی ببێت یا نەبێت، کاندیدی سەرۆک کۆماری ببم یا نەبم، من و پارتی دیموکراتی گەلان وتەی زۆرمان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری پێیە و دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانیش پێوەندیی بە هەڵویستی ئێمەوە هەیە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "سەرەتا دۆخەکە لە نزیکەوە تاوتوێ دەکەین و پاشان لەبارەی کاندید بوونەوە بڕیار دەدەین".
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە بەتۆمەتی پەیوەندی بە پەکەکەوە لە ساڵی 2016 ەوە لە زینداندایە.
هــ. ر
AM:11:09:19/04/2018
ئهم بابهته 3408
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت