باشاك دەمیرتاش: بە گریانەوە چیرۆكەكانی دەمیرتاش بۆ كچەكانم دەگێڕمەوە

‌باشاک دەمیرتاش و کچەکانی

وێستگه‌ نیوز ـ
ساڵێك و چەند رۆژێكە هاوسه‌رەكەی لە زیندانە، بەدرێژایی ئەمساڵە هەموو هەفتەیەك لە زیندان سەردانی دەكات، بەڵام سێ‌ هەفتەی دوایی لەسەر داوای هاوسه‌رەكەی، سەردانی نەكردووە. باشاك دەمیرتاش، هاوسه‌ری سەلاحەدین دەمیرتاشە. دەڵێت حەز دەكات وەك ده‌میرتاش داكۆكی لە مافی گەلەكەی بكات، بەڵام لەڕێی سیاسەتەوە نا.

شەوی 4ی تشرینی دووه‌می 2016، هێزە ئەمنییەكانی توركیا هەڵمەتێكی فراوانیان بۆ دەستگیركردنی ئەندامانی پارتی دیموكراتی گەلان (هه‌ده‌په‌) دەستپَكرد. سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە و 13 پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكەیان دەستگیركران و تا ئێستاش نۆ پەرلەمانتار دەستبەسەرن.

دەمیرتاش وەك سەركردەیەكی گەورەترین و پڕجەماوەرترین سێیەم پارتی سیاسی لە توركیا، لە ماوەی ئەو ساڵەی لە زیندانە، چەندین پەیامی دەستنووس، نەخشە، چیرۆك، رۆمان، وتار، دیدار و بۆچوون و هەڵوێستی سیاسی بڵاوكردووەتەوە، بەڵام لە ماوەی ئەمساڵەدا، هاوسه‌ره‌كه‌ی، كچەكانی، باوكی، دایكی، خوشكەكانی، برایەكەی و دۆستان و خۆشەویستانی لە چ دۆخێكدان؟ باشاك دەمیرتاش وەڵامی ئەو پرسیارانە و چەند پرسێكی دیكە بۆ رۆژنامەی (دوڤار) دەداتەوە. 

باشاك دەڵێت لەوەتەی دەمیرتاش دەستگیركراوە، هەموو هەفتەیەك بەبێ‌ دابڕان سەردانی كردووە. بەڵام سێ‌ هەفتەیە لەسەر خواستی خۆی سەردانی نەكردووە. 

باشاك هەفتانە بۆی هەیە تەنیا یەك كاتژمێر هاوسه‌ره‌كه‌ی ببینێ‌. بۆیە بەر لە دیدارەكە، ئامادەكاری دەكات. هەموو پرسەكان بەكورتی باس دەكەن هەر لە سیاسەتەوە تا دەگاتە دۆخی یاسایی و كاروباری خێزانی. 

باشاك و سەلاحەددین خاوەنی دوو كچن بە ناوەكانی دەلال و دڵدا كە زۆربەی هەفتەكان سەردانی باوكیان دەكەن. باشاك باسی گفتوگۆی نێوان كچەكان و باوكیان دەكات و دەڵێت: "لەبارەی قوتابخانە و خوێندن و هاوڕێیەتی لە قوتابخانە و دۆخی كۆمەڵایەتی پرسیاریان لێدەكات. بەڵام منداڵەكان لەبارەی گرتنییەوە هیچ پرسیارێكیان لێ نەكردووە، چونكە پێشتر خۆی بۆی باسكردوون كە رۆژێك پۆلیس دێن و لە دەرگای ماڵەكەی دەدەن و دەستگیری دەكەن، بەڵام ئێوە هەرگیز نەترسن".

دەمیرتاش لە زیندان كۆمەڵێك چیرۆكی نووسی كە بەناوی "سەحەر" بڵاوكرایەوە. باشاك كتێبەكەی خوێندووەتەوە، چیرۆكی "سەحەر" و "كچی دەریا" كاری تێكردووە "چەندینجار خوێندمەوە. هەرجارە و چێژی خۆی هەبوو، لە هەمووی گرنگتر هەیەجان و جۆش و خرۆشەكەیم لەدەست نەدەدا لە كاتی خوێندنەوەیاندا. لەوانەیە بەتایبەتی ئەم دوو چیرۆكە خرۆشێكی زۆرتری بە هەستی ئافرەتبوون و دایكبوونم دابێ".

دەمیرتاش لەم كتێبەدا خۆی و باشاكی بە قارەمانی چیرۆكێك ناساندووە و یادەوەریی خۆیانی تیادا داڕشتووە. باشاك باسی هەستی كچەكانی دەكات كاتێك چیرۆكەكەی بۆ خوێندوونەتەوە. دەڵێت: "كاتێك بینییان دایكیان بەدەم گریانەوە چیرۆكەكان دەخوێنێتەوە، ئەوانیش زۆر بە وردی دەستیان بەخوێندنەوە كرد و بەردەوام پرسیاریان دەكرد، بۆیە تەواوكردنی خوێندنەوەی كتێبەكە لانیكەم دوو هەفتەی خایاند".

باشاك بەردەوام شانازی بەوە كردووە كە هاوسه‌ره‌كه‌ی سیاسەتوانە. بۆ ئەو بەها و بایەخێكی زۆری هەیە، بەڵام دەڵێت "خۆزگەم دەخواست كە پەرلەمانتارێك بوایە نەك سیاسەتوانێكی هەڵبژێردراو".

لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرن ئەو ژنانەی هاوسه‌ره‌كانیان بەهۆی سیاسەتەوە كەوتوونەتە زیندان، ئەمانیش كەڵكیان لە ناوبانگیان وەرگرتووە و هەمان رێچكەیان گرتووە، بەڵام باشاك قەت بیری لەوە نەكردووەتەوە ببێتە سیاسەتوان. 

باشاك دەمیرتاش دەڵێت: "چوونە ناو سیاسەت لەژێر چەتری هاوسه‌ره‌كەم، شكاندن و كەمكردنەوەی شكۆمەندی خودی دەمیرتاشە. منیش دەمەوێت خزمەت بكەم، بەڵام نامەوێ‌ت لەڕێی سیاسەتەوە ئەو خزمەتە بكەم".

هــ. ر


AM:08:38:14/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 7472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو