دەمیرتاش کۆتایی بە کاری‌ سیاسی هێنا و به‌شداری هیچ هه‌ڵبژاردنێك ناكات

‌دەمیرتاش

وێستگه‌ نیوز ـ
هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، کۆتایی بە کاری‌ سیاسی هێناوە و ئێستا شەڕ لە پێناو دیموکراتی و ئازادی و ئاشتی و مافەکانی مرۆڤدا دەکات.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هه‌ده‌په‌، لە چاوپێکەوتنێکی‌ ماڵپەڕی فرانس پرێس، وتی: "پلانم نیه‌ لە هیچ هەڵبژاردنێکی داهاتوودا بەشداری بکه‌م".

دەمیرتاش ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە هەموو کاتێکدا ئامادەیی تیادایە کە بەرگری لە هەڵوێستی خۆی بکات و لەبەر ئەوەیە کە پلانی نیە جارێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆکی پارتی هەدەپە یاخود کاندیدی سەرۆکایەتی یان پەرلەمانتاری تورکیا بێت.

دەمیرتاش لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا باسی لەوەکردووە کە ئێستا لە زیندان هەفتانە یەک کاتژمێر خێزانەکەی دەبینێت و هەوڵیداوە بە نووسین و خوێندنەوە ئیرادەی بەهێز بکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە هەتائێستا سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی زیندانیکراوی هەدەپە، 93 سکاڵای بەتۆمەتی جیاجیا لە دادگادا لەسەر تۆمارکراوە، لەدوای دەستگیرکردنیشییەوە تەنیا لەسەر یەک سکاڵا دادگایکراوە، بەو پێیەش بێت هێشتا دەمیرتاش 92 سکاڵای دیکەی ماوە لەسەری دادگایی بکرێت.

رۆژی چواری مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو هاوسەرۆکانی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ دەستگیر کران و تا ئێستا لە زینداندان.

هاوکات داواکاری‌ گشتیی‌ تورکیا لە شاری‌ ئامەدی‌ باکوری‌ کوردستان داوایکردووە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی‌ هەدەپە 142 ساڵ زیندانی‌ بکرێت و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکەکەی‌ تری‌ هەدەپە 83 ساڵ زیندانی‌ بکرێن.

هــ. ر


AM:11:32:11/01/2018


ئه‌م بابه‌ته 1708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو