ئارام شێخ محه‌مه‌د: سه‌قامگیری بۆ دووزخورماتوو گه‌ڕاوه‌ته‌وه
وێستكه نیوز -
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئیداری و چین و توێژه جیاوازه‌كانی قه‌زای دوزخورماتو كۆبۆوه و رایگه‌یاند كه هه‌وڵه‌كانیان ئه‌نجامی باشی هه‌بوه و سه‌قامگیری بۆ قه‌زاكه گه‌ڕاوه‌ته‌وه، ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه هه‌نگاوه‌كانی ئێستاشیان بۆ گێڕانه‌وه‌ی ته‌واوی ئاواره‌كان و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان و چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی پێكه‌وه‌ژیانه.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌كه‌ی، به‌یانی ئه‌مڕۆ ئارام شێخ محه‌مه‌د جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌یاوه‌ری ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵا جبوری پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین سه‌ردانی قه‌زای دوزخورماتوی كرد.
له‌ده‌ستپێكی سه‌ردانه‌كه‌یدا له‌باره‌گای قائیمقامیه‌تی قه‌زاكه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئیداری و ئه‌منی و ژماره‌یه‌ك له‌كه‌سایه‌تیه‌كانی قه‌زاكه كۆبۆوه و تیایدا رۆشنایی خسته‌سه‌ر دواین هه‌وڵه‌كانی بۆ ئاساییكردنه‌وه و تێپه‌ڕاندنی ئه‌و دۆخه ناهه‌مواره‌ی به‌رۆكی خه‌ڵكی قه‌زاكه‌ی گرت له دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر.
له‌و رووه‌وه سوپاسی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌رگری و پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین و فه‌رمانده‌یی سوپا له‌و پارێزگایه و هێزی كاردانه‌وه‌ی خێرای كرد كه ڕۆڵێكی ئیجابیان گێڕا له كۆتاییهێنان به‌توندوتیژی و ئاسانكاریكردن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی زیاتر له سه‌دا 40ی هاوڵاتیانی كورد بۆ زێدی خۆیان.
له‌باره‌ی پرسی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئاواره‌كانیش، ئارام شێخ محه‌مه‌د وتی: "له چوارچێوه‌ی ئه‌و داوایانه‌ی له پرۆژه یاسای بودجه‌دا پێشكه‌شكراوه له‌گه‌ڵ پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین هه‌موو هه‌وڵێك ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه قه‌زای خورماتوو وه‌ك ناوچه زیانلێكه‌وتوه‌كانی تر قه‌ره‌بوی هاوڵاتیان بكرێته‌وه و خزمه‌تگوزاری پێویستی بۆ دابینبكرێت".
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا، ئارام شێخ محه‌مه‌د له دوو دیداری جیادا له‌گه‌ڵ چین و توێژه جیاوازه‌كانی قه‌زای دوزخورماتو كۆبۆوه و له‌نزیكه‌وه گوێی له داواكاری و پێداویستیه‌كانیان گرت و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه "له ساته‌وه‌ختی رووداوه‌كانه‌وه به‌به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی و رێكخراوه خۆرسكه‌كانی قه‌زاكه‌یان له‌لایه‌ك و به‌پرسانی حكومه‌تی عیراق له‌په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدا بووه".
وتیشی: "ئه‌وسا به‌ڵێنم پێدان به‌ته‌نیا جێتان ناهێڵم ئێستاش پێتان ده‌ڵێم كۆتا مانگه‌كانی كاری نوێنه‌رایه‌تیكردنم بۆ به‌رگریكردن له‌ئێوه ته‌رخان ده‌كه‌م".
له‌به‌رامبه‌ر خواستی ئاماده‌بووان كه داوایانكرد ئه‌و هێزه‌ی ئه‌ركی پاراستنی قه‌زاكه‌ی له‌ئه‌ستۆیه له ناو گه‌ڕه‌كه‌كان دوور بخرێته‌وه به‌و مه‌رجه‌ی نه‌كشێنه‌وه له قه‌زاكه و به‌رده‌وامبن له ئه‌ركه‌كه‌یان ، ئارام شێخ محه‌مه‌د به‌ڵێنی جێبه‌جێكردنی داواكه‌ی پێدان.
بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی مامۆستایان و خوێندكارانیش ڕایگه‌یاند كه داواكارییه‌كانیان گه‌یه‌ندراوه‌ته وه‌زیری په‌روه‌رده و هیوایان زۆره به‌منزیكانه چاره‌سه‌ر بكرێت.
دواتر ئارام شێخ محه‌مه‌د به‌یاوه‌ری پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین سه‌ردانی ناو بازاڕی دزوزخورماتووی كرد و له‌نزیكه‌وه گوێبیستی گله‌یی و نیگه‌رانی كۆمه‌ڵێك كاسبكار بوو كه له رووداوه‌كانی قه‌زاكه‌دا زیانی زۆریان پێگه‌یشتووه و دوكانه‌كانیان سوتێنرا و له‌وباره‌یه‌وه ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه "هه‌موو ئه‌و ده‌ستدرێژییانه به‌دۆكۆمێنێت كراوه و كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌هۆی ناكۆكییه‌كانی په‌رله‌مانیش له‌باره‌ی بودجه تائێستا ئه‌و لیژنه‌یه‌ی بڕیاره به‌دواداچوون بۆ پێشێلكارییه‌كانی دووزخورماتوو بكات متمانه‌ی پێنه‌دراوه تا ده‌ستبه‌كاربێت".
له‌میانی وته‌یه‌كیشدا مامۆستا هاوار مامۆستای ئاینی و كه‌سایه‌تی قه‌زای دووزخورماتوو به‌ناوی خه‌ڵكی قه‌زاكه‌وه ستایشی هه‌وڵه‌كانی ئارام شێخ محه‌مه‌دی كرد و رایگه‌یاند كه "رۆڵێكی دیار و به‌رچاوی هه‌بووه له به‌رقه‌راركردنی ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ی ئێستا له‌قه‌زاكه‌یان هاتۆته‌ئاراوه و پشتیوانێكی هه‌میشه‌ییانه".
PM:08:26:19/02/2018
ئه‌م بابه‌ته 2324
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت