دووزخورماتوو.. چەکدارانی عەسائیبی ئەهلی حەق دەستیان بەسەر مزگەوتی وەهابدا گرت

‌مزگەوتی وەهاب لە ناوەندی دووزخورماتوو

وێستگە نیوز-

مزگەوتی وەهاب لە ناوەندی دووزخورماتوو، ئەم مزگەوتە وەك ناونیشانێكە بۆ ئەم قەزایە، بەڵام ئێستا چەكدارانی عەسائیبی ئەهلی حەقی سەربە حەشدی شەعبی دەستیان بەسەردا گرتووە و ئاڵای ڕەشیان لەسەری هەڵداوە.

مزگەوتەكە دەكەوێتە گەڕەكی ئیمام ئەحمەد کە پێشتر هێزێكی هاوبەشی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە گەڕەکەکە بوون، بەڵام ئێستا بەتەواوی لەژێر كۆنترۆڵی چەكدارانی حەشدی شەعبیدایە، بەرپرسێكی حەشدی شەعبی دەڵێت ئەو گەڕەكە گەڕەكی توركمانە شیعەكانە و پێشمەرگە هەوڵیانداوە مزگەوتەكە بخەنە ژێر كۆنترۆڵێ‌ خۆیانەوە بەڵام ڕێكکەوتن كراوە كە ئەو گەڕەكە تەنها لەژێر كۆنترۆڵی حەشدی شەعبیدا بێت.

لەكاتی چوونی پێشمەرگە بۆ نێو مزگەوتەكە کێشە و دەمەقاڵە لەنێوان پێشمەرگە و چەكدارانی عەسائیبدا دروستبووە بەڵام دواتر بەهەوڵی بەرپرسانی دوزخورماتوو دۆخەكە هێوركراوەتەوە، بەرپرسی هێزە هاوبەشەكانی دوزخورماتوو دەڵێت چەكدارانی حەشدی شەعبی  لەسەر منارەی مزگەوتەكە قەناس بەدەست جێگیر دەكەن بۆیە ویستویانە قەناس بەدەستەكان شوێنەكانیان چۆڵبكەن.

چەكدارانی حەشدی شەعبی لەو گەڕەكانەی دوزخورماتوو کە لەژێر كۆنتڕۆڵی خۆیاندان لەسەر دیوارەكان چەندین دروشمی دژ بە كورد و مەزهەبییان نوسیووە، هەندێك لە دروشمەكان ئاماژە بە ڕەتكردنەوەی ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكەن لە قەزاكەدا.



د.ف


PM:09:38:21/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 2700 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو