فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق لیژنه‌یه‌ك بۆ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ پێكده‌هێنن


وێستگه‌ نیوز- پشتیوان جه‌مال 

سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كوردییه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق سه‌ردانی‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌یان كردووه‌ و پاكێجێكیان له‌ ئیداره‌ی‌ پارێزگاكه‌ وه‌رگرتووه‌، بڕیاریشه‌ له‌نێو فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان لیژنه‌یه‌ك بۆ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ نێو ئه‌نجومه‌ن دروست بكرێت. 

ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق له‌سه‌ر بانگهێشتی‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌ردانی‌ ئه‌و پارێزگایه‌یان كرد و له‌گه‌ڵ ئیداره‌ و به‌رپرسی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆبوونه‌وه‌.  

فازیڵ به‌شاره‌تی‌، به‌رپرسی‌ لقی‌ پارتی‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ شه‌هید به‌ وێستگه‌ نیوز-ی‌ راگه‌یاند، ئه‌مڕۆ پاكێجێكیان بۆ داخوازییه‌كانیان به‌تایبه‌تیش پشكی‌ پارێزگاكه‌یان له‌ بودجه‌ی‌ عیراق و بودجه‌ی‌ په‌ره‌پێدانی‌ پارێزگاكانیش كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ جێگیر نه‌كراون و ئه‌وه‌ش مانای‌ سڕینه‌وه‌ی‌ ناوی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ له‌ پارێزگابوون پێشكه‌شی‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان كردووه‌. 

روونیشیكرده‌وه‌، جگه‌ له‌و پاكێجه‌، پێشنیازیشیان بۆ كردوون له‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران لیژنه‌یه‌ك بۆ به‌دواداچوونی‌ كاروباره‌كانی‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دروست بكه‌ن و ئه‌وانیش به‌ڵێنی‌ دروستكردنی‌ لیژنه‌كه‌یان داوه‌.  

له‌ پڕۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ 2018ی‌ عیراق جگه‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ پشكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ 17%ه‌وه‌ بۆ 12.67، ناوی‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ش نه‌هاتووه‌، هه‌فته‌ی‌ رابردووش لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ كۆبوونه‌وه‌یان كرد و بڕیاریاندا له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان كۆببنه‌وه‌.


PM:05:42:11/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 1172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو