سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ به‌ره‌ی‌ توركمان: له‌ داهاتویه‌كی‌ نزیكدا دیالۆگی‌ هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ست پێده‌كات


وێستگه‌ نیوز- پشتیوان جه‌مال 

سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ به‌ره‌ی‌ توركمان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت له‌ داهاتوویه‌كی‌ نزیكدا دیالۆگی‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان و حكومه‌تی‌ عیراق ده‌ست پێده‌كات. 

ئایدن مه‌عروف، سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ وێستگه‌ نیوز-ی‌ راگه‌یاند، دوای‌ بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ عیراق بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ریفراندۆم و هه‌ڵوێستی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش كه‌ هه‌ڵوێستێكی‌ ئیجابی‌ بوو، وایده‌بینن له‌ داهاتوویه‌كی‌ نزیكدا دیالۆگی‌ هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ست پێبكات. 

وتیشی: "دواجار هه‌رێمی‌ كوردستان به‌شێكه‌ له‌ عیراق، ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین هه‌موو پرسه‌كان له‌چوارچێوه‌ی‌ ده‌ستووردا چاره‌سه‌ر بكرێن".  

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ توركیا چ رۆڵێكی‌ هه‌یه‌ بۆ نزیككردنه‌وه‌ی‌ هه‌ولێر و به‌غدا، ئایدن مه‌عروف وتی‌ "پرسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و عیراق پرسێكی‌ ناوخۆییه‌، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراقیش جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ دیالۆگ له‌گه‌ڵ هه‌ولێر پێویستی‌ به‌ هیچ لایه‌ك نییه‌ و پرسێكی‌ ناوخۆییه‌". 

سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ به‌ری‌ توركمانی‌ ئاشكرایكرد، عیراق به‌رپرسیارێتی‌ یه‌كه‌می‌ به‌رامبه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌یه‌ و ده‌بێت هه‌رێمی‌ كوردستانیش له‌چوارچێوه‌ی‌ ده‌ستووردا كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات. 

به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆمی‌ له‌ 25-9-2017 ره‌تكرده‌وه‌ و به‌شداری‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ریفراندۆمیشی‌ نه‌كرد.


PM:07:30:27/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 3458 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو