سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كگرتوو: بارزانی وەك كەسایەتیەكی سیاسی كاریگەر رۆڵەكەی بەردەوام دەبێت

‌مەسعود بارزانی.. سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

وێستگه‌ نیوز ـ
سەمیر سەلیم، کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی كوردستان  و یاریدەدەری پێشووی  ئەمینداری گشتی یەكگرتوو، رایده‌گه‌یه‌نێت، بارزانی كارەكتەرێكی سیاسی دیار بووە، پێش ئەوەی ئەوەی سەرۆكی هەرێم بێت ئەو رۆڵ و پێگەی خۆی هەبووە، ده‌شڵێت: "ئێستاش كە لەو پۆستە نەماوە، وه‌ك كەسایەتیەكی سیاسی كاریگەر رۆڵەكەی بەردەوام دەبێت".

سه‌میر سه‌لیم، كارگێڕی ئه‌نجومه‌نی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌ دیدارێكی هه‌فته‌نامه‌ی باسی نزیك له‌ پارتی ده‌ڵێت: "دەبێت كێشەكان بە گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا چارەسەر بكرێن، ئەگەر حكومەتی عیراقی  حكومەتێكە پابەندە بە دەستوور ئەوە دەبێت بەرامبەر گەلی كورد لەسەر بنەمای دەستوور مامەڵە بكات، بنەمای دەستووریش جگە لە رێگەی  گفتوگۆ رێگایەكی تر و بژاردەی دیكەی نیە".

ئاماژەی بەوەشدا، باردۆخی نێودەوڵەتی لەم  قۆناخەدا یارمەتیدەری عیراق نیە، بژاردەی گفتوگۆ رەت بكاتەوە و پەنا بۆ بژاردەی سەربازی ببات دژی هەرێمی كوردستان، وتیشی: "ئەمریكا و فەڕەنسا و بەریتانیا و یەكێتی ئەوروپا پشتگیری خۆیان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی دووپات كردوه‌تەوە و داوایان كردووە هەولێر و بەغدا بە گفتوگۆ كێشەكانیان چارەسەر بكەن، تەنانەت ئیلزامیان كردوون كە دەبێت گفتوگۆ بكەن".

سەمیر سەلیم، نیەت خراپی بەغدا دەخاتەڕ بەوەی دەیەوێت ئەو ماددە دەستووریانە پەك بخات كە وەك هەرێم مامەڵە لەگەڵ كوردستان بكات بەڵكو دەیەوێت وەك پارێزگا مامەڵە لەگەڵ كوردستان بكات، وتیشی: "ئەگەر ئەمریكا و یوئێن بێنە نێو گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدا و زەمانەت بدەن بۆ سەرخستنی گفتوگۆكان ئەوا كەشوهەوا نێودەوڵەتیەكەش بۆ ئەوە لەبارە دەكرێت كێشەكانی هەرێمی كوردسان و عیراق چارەسەر بكرێن، ئەگەرچی لایەنەكانی كوردستان متمانەی تەواویان بە لایەنی نێودەوڵەتی نیە و  زیاتر بەدوای بەرژەوەنیەكانی خۆیانن بەڵام هەبوونی ئەوان لە گفتوگۆكان شتێكی باشە".

سه‌میر سه‌لیم پشتیوانی لە هەڵوێستی مەسعود بارزانی دەكات كە ئامادە نەبوو ویلایەتەكەی بۆ دریژبكرێتەوە بەڵكو دەسەڵاتەكانی خۆی دایە حكومەت و پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەری، وتیشی: "هەنگاوەكەی كاك مەسعود بارزانی هەنگاوێكی باش بوو بە ئاڕاستە دۆزینەوەی  چارەسەرێك بۆ كێشە سیاسی و ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی ئەمریكاو  ئەوروپاش لەم هەنگاوە ئەنجامە ئیجابیەكانی ئەو كارەی بارزانی پیشاندا و لە ناوخۆشدا هیوای ئەوە دەخوازین كێشەكانمان بەرەو چارەسەر بوون ببات".

سەمیر سەلیم دەشڵێت: "بارزانی كارەكتەرێكی سیاسی دیار بووە، پێش ئەوەی ئەوەی سەرۆكی هەرێم بێت ئەو رۆڵ و پێگەی خۆی هەبووە، ئێستاش كە لەو پۆستە نەماوە ئەوە وەك كەسایەتیەكی سیاسی كاریگەر رۆڵەكەی بەردەوام دەبێت، كاك مەسعود ئێستا سەرۆكی حزبێكە و حزبەكەش حزبێكی گەورەیە و ناتوانرێت نادیدە بگیرێت لە ناوخۆ و دەرەوە".

هــ. ر


AM:10:33:07/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 11335 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو