یه‌كگرتوو: زیاتر لە هەمووکات پێویستمان بە یەکڕیزییە
وێستگه نیوز ـ
ئه‌نجومه‌نی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی له‌سه‌ر رووداوه‌كانی شه‌وی رابردووی هه‌رێم و په‌رله‌مانی كوردستان بڵاوكرده‌وه و رایگه‌یاند، له دۆخێكی ئاوا هه‌ستیاردا له هه‌موو كات گه‌لی كورد زیاتر پێویستی به یه‌كڕیزییه.
له به‌یاننامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستاندا كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست وێستگه نیوز كه‌وتووه، تیایدا هاتووه: "شاراوه نیه كه له‌م رۆژانه‌دا باشووری كوردستان و ئه‌زموونه سیاسیه‌كه‌ی به هه‌ل و مه‌رجێكی نه‌خوازراودا تێده‌په‌ڕێت و رووبه‌ڕووی چه‌ندین مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی بوه‌ته‌وه".
راشیگه‌یاند: "له دۆخیكی ئاوا هه‌ستیارو ترسناكدا له هه‌ر كاتێكی تر زیاتر گه‌له‌كه‌مان پێویستی به یه‌كڕیزی و سه‌قامگیری ناوخۆیی هه‌یه‌و ده‌خوازێت كه هێزو لایه‌نه سیاسه‌كان به گیانی له خۆبوردوانه‌و به‌رپرسیارانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رووداو و پێشهاته‌كاندا بكه‌ن و رێگا نه‌ده‌ن به ئه‌ندام و لایه‌نگرانیان هه‌ڵسوكه‌وتی نه‌شیاو و نادیموكراتیانه دژ به یه‌كتر بكه‌ن".
ده‌شڵێت: "له‌و سۆنگه‌یه‌وه ئێمه له یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان به توندی ئیدانه‌ی ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته ناشارستانیه‌ی شه‌وی رابردووی ژماره‌یه‌ك كه‌سانی نامه‌سئول دژ به حه‌ره‌می په‌رله‌مان و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و هه‌ڵكوتانه سه‌ر باره‌گای هه‌ندێ له حزبه سیاسیه‌كان له زاخۆ و چه‌ند شوێنێكی تر ده‌كه‌ین و به كاری تێكده‌رانه‌و دژ به ئاسایشی نیشتمانی داده‌نێین".
یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ئه‌وه‌شی وتووه: "داواكارین هه‌رچی زووتره ده‌زگا به‌رپرس و په‌یوه‌ندیداره‌كان بكه‌ران و به‌رپرسانی راسته‌وخۆ له‌و كاره نه‌خوازراوانه ده‌ستگیر بكه‌ن و بیانده‌نه دادگا‌و رێگا له ته‌شه‌نه‌كردنی زیاتری گرژی و ئاڵۆزیه‌كان بگرن".
AM:10:46:30/10/2017
ئه‌م بابه‌ته 12234
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت