رووسیا: لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە بە پەیوەندییە ئابوورییەکانمان دەدەین


وێستگه‌ نیوز- رووداو

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا پلان و بەرنامەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ داهاتوو ئاشکرا دەکات و رایدەگەیێنێ، مۆسکۆ لە پەرەپێدان بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و لە داهاتوودا پەرەی زیاتریشیان پێدەدات.

میخایل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، رۆژی شەممە 7-10-2017 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسان لە بەغدا، رووسیا لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ کوردستانی عێراق بەردەوام دەبێت.

میخایل سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەماوەی رابردوودا لەگەڵ هەرێمی کوردستان گوتی: " پەیوەندیمان بەمجۆرە بووە و ئێستاش بەردەوامین، لە داهاتووشدا زیاتر پەرەی پێدەدەین."

ئه‌لكسه‌نده‌ر نۆڤاك، وەزیری وزەی رووسیا رۆژی 30-6-2017  لە دەستپێکی هەفتەی وزە و گازی رووسیا باسی باشووری کوردستانی کرد و گوتی: "رووسیا له‌ كاركردن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت، کۆمپانیاکانی گازپرۆم و رۆسنه‌فتی رووسی له‌ كوردستان لە کارکردن بەردەوامن و لە داهاتووشدا بەردەوام ده‌بن".

دواتر  ئیگۆر ئیڤانۆڤیچ سێچین، سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری رۆسنەفت بە (رووداو)ی گوت: "داهاتووێکی گەش لەگەڵ کوردستان دەبینین و هیچ لایەنێکیش نابێتە کۆسپ بۆ کارەکانمان لە کوردستان، ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکەین بەشێوەیەکی کرداری کارەکانمان دەستپێبکەین و پرۆژەکانمان بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، کارەکانمان بەباشی بەڕێوەدەچن و هەموو شتێک بەپێی پلان و خشتەی دیاریکراو دەڕوات".

دوای ئەنجامدانی گشتپرسی لە 25-9-2017 داو سەرکەوتنی دەنگی بەڵێ بە رێژەی 92% بۆ جیابوونەوە لە عێراق، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی رێز لە خواستی نەتەوەی کورد دەگرێت، بەڵام پێشیوایە پێویستە کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، نەک تاکلایەنە سەربەخۆیی رابگەیێندرێت. 


PM:05:40:07/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 2800 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو