رووسیا رەتی کردەوە فڕۆکەی جەنگی تورکیا ئاسمانی سوریای بەزاندبێت

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگە نیوز ـ
وەزارەتی بەرگری روسیا وەک وەڵامێک بۆ ئەردۆغان رایگەیاند، فڕۆکەی جەنگی تورکیا سنوری ئاسمانی سوریای نەبەزاندووە و هیچ بۆردومانێکیشی نەکردووە.

ماڵپەڕی ئاڕ تی رووسی بڵاویکردەوە، وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاندووە، سوپای تورکیا بەبێ ئاگادارکردنەوەی ئەوان سنووری شاری ئیدلیبیان بەزاندووە و هاتوونەتەناوەوە، بەوهۆیەشەوە هێزەکانیان بەر بۆردومانی سوپای سوریا کەوتوون.

راشیگەیاند، بەهۆی بۆمبارانەکەی سوپای سوریاوە کە "تیرۆریستەکان"ی کردبووە ئامانج، ژمارەیەک سەربازی تورکیا برینداربوون.

لەلایەکی دیکەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەوان بە فڕۆکەی ئێف 16 وەڵامی سوریایان داوەتەوە و نزیکەی 30 بۆ 35 چەکداری ئەو وڵاتەیان کوشتووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، بەهۆی‌ بۆردوومانی حکومەتی سوریا لە نزیک ئیدلیب چوار سەربازیان کوژراون و نۆ سەربازی دیکەش برینداربوون.

هــ. ر


PM:02:05:03/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 3012 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو