ئالان حه‌مه سه‌عید: لیستی مامۆستایانی وانه‌بێژم گه‌یانده سودانی و چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامین
وێستگه‌نیوز-
وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه كه نوسراوی فه‌رمی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و لیستی هاوپێچكراوی مامۆستایانی وانه‌بێژی گه‌یانده سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامن.
ئالان حه‌مه سه‌عید وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه "ئه‌مرۆ سێشه‌ممه 30ی نیسانی 2024 له به‌غدا، سه‌ردانی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵم كرد؛ به ئاماده‌بوونی دكتۆر ئیبراهیم نامس ئه‌لجبوری وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ و فارس عیسا سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا و له‌سه‌رچه‌ند پرسێكی گرنگی په‌روه‌رده‌یی گفتوگۆمان كرد".
ئالان حه‌مه سه‌عید ده‌ڵێت: "له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نوسراوی فه‌رمی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و لیستی هاوپێچكراوی مامۆستایانی وانه‌بێژم پێگه‌یاند سه‌باره‌ت بهتهرخانی دارایی بۆ مامۆستایانی وانه‌بێژی كوردستان".
وتیشی: "وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو هه‌نگاوه پێویسته‌كانمان ئه‌نجامداوه و چاوه‌ڕوانی ده‌رئه‌نجام و وه‌ڵامی فه‌رمی حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ ده‌كه‌ین".
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه "هه‌روه‌ها له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختمان كرده‌وه له‌پشكی هه‌رێمی كوردستان له دروستكردنی باڵه‌خانه‌ی قوتابخانه‌كان له رێككه‌وتنی عێراق - چین كه هه‌رێمی كوردستان تا ئێستا پشكی خۆی له دروستكردنی ئه‌و قوتابخانانه نه‌چۆته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه و سه‌رله‌نوێ نوسراوێكی دیكه‌مان پێشكه‌شكردن به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی پشكی هه‌رێمی كوردستان له دروستكردنی باڵه‌خانه‌ی په‌روه‌رده‌یی نوێ".
وه‌زیری په‌روه‌رده راشیگه‌یاندووه كه "ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه تایبه‌ت بوو به پرسی خوێندنی قوتابخانه‌كانی فیدراڵی له هه‌رێمی كوردستان و به‌رده‌وام بوونی پرۆسه‌ی خوێندن تیایاندا، له‌وباره‌یه‌وه هاریكاری و هه‌ماهه‌نگی هه‌رێمی كوردستان‌مان نیشاندا بۆ به‌رده‌وام بوونی پرۆسه‌ی خوێندنی قوتابیانی ئه‌و قوتابخانانه".
PM:09:11:30/04/2024
ئه‌م بابه‌ته 632
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت