هه‌نیه‌ له‌ په‌نابه‌رێكه‌وه‌ بۆ لوتكه‌ی سه‌ركردایه‌تی حه‌ماس تا كوشتنه‌كه‌ی


وێستگه‌ نیوزـ

ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ 31ی ته‌موزی 2024، بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس رایگه‌یاند ئیسماعیل هه‌نیه‌ سه‌رۆكی ده‌ره‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌كه‌، له‌ ئه‌نجامی بۆردومانێكی ئیسرائیل بۆ سه‌ر تارانی پایته‌ختی ئێران، كوژرا و سوپای پاسدارانی ئێران كوشتنه‌كه‌ی پشتڕاستكرده‌وه‌.

ئیسماعیل هه‌نیه‌ كێیه‌ كه‌ ئیسرائیل كردیه‌ ئامانج؟

دوای ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی فه‌له‌ستین له‌ ساڵی 2006 سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا، ئیسماعیل هه‌نیه‌ بوو به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی فه‌له‌ستین.

به‌ڵام مه‌حمود عه‌باس سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستین، له‌ مانگی ئایاری ساڵی 2007، ئیماعسل هه‌نیه‌ی له‌ پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت دووریخسته‌وه‌.

ناوی ته‌واوه‌تی ئیسماعیل عه‌بدولسه‌لام هه‌نیه‌-یه‌، له‌ 23 شوباتی ساڵی 1962 له‌ كه‌مپی ئه‌لشاگی بۆ ئاواره‌كان، له‌ خێزانێكی ئاواره‌ له‌دایكبووه‌، خێزانه‌كه‌ی له‌ گوندی ئه‌لجۆره‌ی سه‌ر به‌ شاری عه‌سقه‌لانی داگیركراو، په‌نایان بۆ ئه‌و كه‌مپه‌ بردوو.

خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی، له‌ قوتابخانه‌كانی ئاژانسی فریاگوزاری ئاواره‌ فه‌له‌ستینییه‌كان "ئۆنروا" ته‌واوكردووه‌، بڕوانامه‌ی ئاماده‌یی له‌ په‌یماگای ئه‌زهه‌ر به‌ده‌ستهێناوه‌، ساڵی 1987، له‌ ته‌مه‌نی 25 ساڵیدا په‌یوه‌ندی به‌ زانكۆی ئیسلامی له‌ غه‌ززه‌ ده‌كات، له‌ زانكۆ بڕوانامه‌ له‌ ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بیدا وه‌رده‌گرێت. له‌ قۆناغی خوێندنی زانكۆدا، ئه‌ندامێكی چالاكی ئه‌نجومه‌نی یه‌كێتی خوێندكاران بووه‌ و بایه‌خی به‌ چالاكییه‌ وه‌رزشییه‌كانیش داوه‌.

هه‌نیه‌ له‌ زانكۆی ئیسلامی له‌ غه‌ززه‌، چه‌ندین پۆستی وه‌رگرتووه‌، ئه‌مه‌ پێش ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 1992 ببێته‌ راگری زانكۆكه‌. له‌ ساڵی 1997 ده‌بێته‌‌ سه‌رۆكی نووسینگه‌ی شێخ ئه‌حمه‌د یاسین.

ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسرائیل بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ساڵی 1987 و دوای به‌رپابوونی خۆپیشاندانه‌كانی فه‌له‌ستین، هه‌نیه‌ ده‌ستگیر ده‌كات و ماوه‌ی 18 رۆژ له‌ زیندان ده‌مێنێته‌وه‌. پاشان له‌ ساڵی 1988 بۆ جاری دووه‌م ده‌ستگیر ده‌كرێته‌وه‌ و بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ له‌ زیندان ده‌مێنێته‌وه‌.

ساڵی 1989، به‌ تۆمه‌تی په‌یوه‌ندیكردنی به‌ بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسه‌وه‌، دیسانه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێت و نزیكه‌ی سێ ساڵ له‌ زیندان به‌سه‌رده‌بات، دواتر دوور ده‌خرێته‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی مه‌رج ئه‌لزهور له‌ باشوری لوبنان. به‌ڵام دوای به‌سه‌ربردنی ساڵێك له‌ تاراوگه‌ و له‌ ئه‌نجامی واژۆكردنی رێكه‌وتنامه‌ی ئۆسلۆ، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كه‌رتی غه‌ززه‌ و ده‌بێته‌ سه‌رۆكی كوتله‌ی ئیسلامی له‌ زانكۆی ئیسلامی له‌ غه‌ززه‌.

هه‌نیه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ساڵی 2006، ده‌بێته‌ سه‌رۆكی لیستی گۆڕان و چاكسازی و زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی یاسادانانی فه‌له‌ستین به‌ده‌ستده‌هێنێت و له‌ مانگی شوباتی هه‌مان ساڵدا، ده‌بێته‌ سه‌رۆكی حكومه‌تی فه‌له‌ستین.

له‌ رۆژی شه‌شی ئه‌یلولی ساڵی 2003، له‌ ئه‌نجامی بۆردومانێكی ئیسرائیل كه‌ تێیدا ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌كانی حه‌ماس كرابوونه‌ ئامانج، له‌وانه‌ شێخ ئه‌حمه‌د یاسین، هه‌نیه‌ ده‌ستی بریندار ده‌بێت. له‌ رۆژی 14 تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2006، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ گه‌شتێكی نێوده‌وڵه‌تی، رێگه‌ی پێنادرێت بڕواته‌ ناو كه‌رتی غه‌ززه‌.

له‌ رۆژی 20ی تشرینی یه‌كه‌می 2006 له‌ ئه‌نجامی پێكدادانێكی چه‌كداری له‌ نێوان هه‌ردوو بزووتنه‌وه‌ی فه‌تح و حه‌ماس، ته‌قه‌ له‌ كاروانی ئۆتۆمۆبێله‌كانی هه‌نیه‌ ده‌كرێت.

له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی ئیسرائیل و حه‌ماس له‌ غه‌ززه‌، ئیسرائیل چه‌ند جارێك به‌مه‌به‌ستی كوستنی بۆردومانی ماڵه‌كه‌ی له‌ غه‌ززه‌ كردووه‌.
له‌ رۆژی 6ی ئایاری 2017، له‌ رێگه‌ی ڤیدیۆ كۆنفرانسێكه‌وه‌ كه‌ له‌ یه‌ككاتدا، له‌ دۆحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر و غه‌ززه ئه‌نجامدرا، ئه‌نجومه‌نی شورای حه‌ماس، ئیسماعیل هه‌نیه‌ی بۆ سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌كه‌ هه‌ڵبژارد.

له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا بڕیاربوو ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركردایه‌تی حه‌ماس، له‌سه‌رو هه‌مویانه‌وه‌ هه‌نیه‌، له‌ غه‌ززه‌ وه‌ بڕۆن بۆ قه‌ته‌ر و به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بكه‌ن. به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی ره‌فه‌ح به‌ چه‌ند رۆژێك پێش هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ داخرابوو، نه‌یانتوانی ئه‌و كاره‌ بكه‌ن.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، له‌ رۆژی 31ی كانونی دووه‌می 2018، ناوی هه‌نیه‌ی خسته‌ "لیستی تیرۆره‌وه‌"، ئه‌م بڕیاره‌ی ئه‌مریكا، دوای ئه‌و گرژی و ئاڵۆزیانه‌ی نێوان واشنتۆن و فه‌له‌ستینییه‌كان هات، به‌هۆی بڕیاری داننان به‌ قودس وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل، ئه‌و بڕیاره‌ سه‌رۆكی ئه‌و كاتی ئه‌مریكا دۆنالد تره‌مپ ده‌ریكردبوو.

دوای روودانی تۆفانی ئه‌قسا، له‌ بۆردومانی فڕۆكه‌كانی ئیسرائیل له‌ رۆژی 10ی نۆڤه‌مبه‌ری 2023، كچێكی بچوكی نه‌وه‌ی هه‌نیه، له‌ قوتابخانه‌یه‌كدا كه‌ كرابوو به‌ په‌ناگا كوژرا. دوای ده‌ رۆژ له‌و بۆردومانه‌، نه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌نیه‌ له‌ بۆردومانێكی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ماڵه‌ی كوژرا.

پۆلیسی ئیسرائیل له‌ رۆژی یه‌كی نیسانی 2024، له نزیك شاری بیئر ئه‌لسه‌بع له‌ نه‌قه‌ب، به‌ تۆمه‌تی په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس، خوشكێكی هه‌نیه‌ ده‌ستگیر ده‌كه‌ن.

هه‌روه‌ها هێزه‌كانی ئیسرائیل له‌ رۆژی 10ی نیسانی 2024، له‌ ئه‌نجامی بۆردومانكردنی ئۆتۆمۆبیلێك، سێ كوڕی هه‌نیه‌ ده‌كوژن، ئه‌وان له‌گه‌ڵ پێنج منداڵی خۆیان له‌ جه‌ژنی ره‌مه‌زان له‌ناو ئۆتۆمۆبێله‌كه‌دا بوون و سوپای ئیسرائیل رایگه‌یاند كوشتنی كوڕه‌كانی هه‌نیه‌، به‌ پلانێك بوو له‌گه‌ڵ ده‌زگای ئاسایشی ناوخۆ شاباك، ئه‌نجامدرا.

دواجار له‌ كۆتا رۆژی مانگی ته‌موزی 2024، هه‌نیه‌ له‌ ته‌مه‌نی 62 ساڵیدا، له‌ تارانی پایته‌ختی ئێران، له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ كرایه‌ ئامانج و كوژرا.


PM:02:58:31/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 848 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت