دره‌ختێك بكوژه‌كه‌ی تره‌مپی له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان شاردبوه‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو له‌ رووداوێكدا كه‌ ئه‌مریكای هه‌ژاند، بوونی كه‌لێنێكی ئه‌منی، وایكرد له‌سه‌ر ده‌ستی گه‌نجێكی بیست ساڵان، هه‌وڵی تیرۆركردنی دۆناڵد تراپ بدرێت و گوێچكه‌ی بریندار ببێت.

رۆژنامه‌ی سكای نیوزی به‌ریتانی، به‌ شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی تێیدا كاندیدی كۆمارییه‌كان، رۆژی شه‌ممه‌ له‌ كاتی پێشكه‌شكردنی وتارێكی بۆ لایه‌نگرانی له‌ شاری بێتێل له‌ ویلایه‌تی پێنسیلڤانیا برینداربوو، بوونی "دره‌ختێكی گه‌وره‌"ی ئاشكرا كردووه‌ كه‌ رێگربووه‌ له‌وه‌ی یه‌كه‌ی پاراستنی سه‌رۆك، نه‌توانن هێرشبه‌ره‌كه‌ ببینن.

دوو یه‌كه‌ی چه‌كدار، له‌ پشته‌وه‌ی ترەمپ، له‌سه‌ر دوو باڵه‌خانه‌ بوون، به‌ڵام به‌هۆی بوونی دره‌ختێكی گه‌وره‌وه‌، ئه‌و دوو یه‌كه‌یه‌، نه‌یانتوانیوه‌ به‌ ته‌واوه‌تی ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ ببینن كه‌ له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌یه‌كی دیكه‌ بووه‌.

تۆماس ماتیۆ كرۆكس گه‌نجه‌ ته‌مه‌ن 20 ساڵه‌كه‌، كاتێك ته‌قه‌ی له‌ سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا كردووه‌، له‌سه‌ر ئه‌و باڵه‌خانه‌یه‌ بووه‌ كه‌ ته‌نها 130 بۆ 140 مه‌تر له‌ ترەمپ-ه‌وه‌ دووربووه‌، ئه‌مه‌ پێش ئه‌وه‌ی ئه‌ندامانی خزمه‌تگوزاری نهێنی ته‌قه‌ی لێ بكه‌ن و بیكوژن.

رووداوه‌كه‌ كاتێك روویدا تره‌مپ رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو13ی ته‌موزی 2024، له‌ گردبوونه‌وه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن له‌ ویلایه‌تی پێنسیلڤانیا، سه‌رقاڵی پێشكه‌شكردنی گوتارێك بوو بۆ لایه‌نگرانی.

دوای ته‌قه‌كردنه‌كه‌، ئه‌ندامانی ده‌زگای خزمه‌تگوزاری نهێنی، ده‌ستبه‌جێ و زۆر به‌ خێرایی سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا كه‌ فیشه‌كێك به‌ر به‌شی سه‌ره‌وه‌ی گوێچكه‌ی راستی كه‌وتبوو و رووخساری خوێناوی ببوو، ده‌به‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی شوێنی گردبوونه‌وه‌كه‌.

له‌ كاتی بردنه‌ ده‌ره‌وه‌یدا، كاندیده‌كه‌ی كۆمارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا، له‌به‌رده‌م ئاپۆرای خه‌ڵكه‌كه‌دا، ده‌ستی وه‌ك نیشانه‌ی ته‌حاداكردن به‌رزكرده‌وه‌.

له‌و رووداوه‌دا یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی له‌ شوێنی رووداوه‌كه‌ بوو كوژرا و دوو كه‌سی دیكه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌خت برینداربوون. دوای ئه‌وه‌ نووسینگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فیدراڵی، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ناسنامه‌ی ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ی ئاشكرا كرد و رایگه‌یاند: "ناوی تۆماس ماتیۆ كرۆكسه‌، ته‌مه‌نی 20 ساڵه‌ و خه‌ڵكی بێتێله‌ له‌ ویلایه‌تی پێنسیلڤانیا".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، شاره‌زایانی ئه‌منی ئاگادار له‌ مه‌رج و پێداویستییه‌كانی پاراستنی سیاسه‌تمه‌داران، رایانگه‌یاند "شكستێكی گه‌وره‌ی ئه‌منی" روویداوه‌، ئه‌مه‌ش رێگه‌ی به‌ هێرشبه‌ره‌كه‌داوه، ئه‌وه‌نده‌ نزیك ببێته‌وه‌ بتوانێت هێرشه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات.


PM:02:51:15/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 3008 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت