ئه‌و كه‌سه‌ كێ بوو ته‌قه‌ی له‌ تره‌مپ كرد؟

‌تۆماس ماسیۆ کروک ئەو کەسەی تەقەی لە ترەمپ کرد

وێستگه‌نیوزـ

بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیاکانی ئەمریکا، پاش ماوەیەکی کەم لە رووداوی هەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ بڵاویانکردەوە، تۆماس ماسیۆ کروک کە هاووڵاتییەکی ئەمریکی تەمەن 20 ساڵە تۆمەتبارە بە رووداوی تەقەکردنەکە لە ترەمپ.


لە رووداوی تەقەکردنەکەدا، لە ئێوارەی 13ـى تەمموز لە کۆبوونەوەیەکی جەماری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ترەمپ گوێی راستی برینداربوو، گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ چارەسەر، بێجگە لە کوژرانی تەقەکەرەکەش لەشوێنی رووداوەکە، یەکێک لە ئامادەبوان کوژرا و دوو کەسی تریش برینداربوون.

بەپێی زانیارییەکانی میدیاکانی ئەمریکا و ئێف بی ئای، تەقەکەرەکە لە دووری 120 مەتر لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکەی ترەمپەوە و لەسەر بینایەکی بەرزەوە تەقەی لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکە کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی میدیاکانی ئەمریکا تۆمەتباری تەقەکردنەکە کە لەهەمان شوێندا کوژراوە، ناوی (تۆماس ماسیۆ کروک)ە و لە سێپتەمبەری 2003 لە پێنسیلڤانیا لە دایکبووە و بەپێی زانیارییە تۆمارکراوەکانی لە لیستی دەنگدەرانی ئەمریکا لایەنگری پارتی کۆمارییەکانە، هەمان ئەو پارتەی ترەمپ نوێنەرایەتی دەکات بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی.

میدیاکان لەسەرچاوەی پرۆفایلەکانی تۆمەتبارەکەوە لە سۆشیال میدیا ئاماژەیان بەوە داوە کە پێدەچێت (تۆماس ماسیۆ کروک) ئەندامی بزوتنەوەی  (ANTIFA)بێت کە بزوتنەوەیەکی ئەمریکییە دژى فاشیزم و رەگەزپەرستییه‌ لە ئەمریکا.

ئەنتیفا لە دوای هەڵبژاردنی ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی 2016 ـەوە زیاتر گەشەی کردوو و دەیان رێگەی جۆراوجۆر دەگرێتە بەر بۆ رووبەڕوبوونەوەی فاشیزم و رەگەزپەرستی لە ئەمریکا.

میدیاکانی ئەمریکا تا ئێستا دوو وێنەی (تۆماس ماسیۆ کروک) یان بڵاوکردووەتەوە، گەر هەردوو وێنەکە زۆر روون نین و هەردووکی لەسەرلا گیراون و دەموچاوی (تۆماس ماسیۆ کروک) بە تەواوی دیار نییە.

ئێف بی ئای رایگەیاند، کە رووداوەکە هەوڵی تیرۆکردنی ترەمپ بووە و لێکۆڵینەوەکانیش بۆ ئاشکراکردنی هۆکار و وردەکاری رووداوەکە رۆژ و هەفتە و مانگیان پێ دەچێت.


AM:08:49:14/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 8456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت