ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق باجی سەر کارتی باڵانسی هەڵوەشاندەوە


وێستگەنیوز-

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی ئایاری 2026، بڕیارێکی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی هەڵوەشاندەوە.

بڕیارەکەی دەستەی ەاگەیاندن و پەیوەندییەکان تایبەت بوو بە سەپاندنی پارە بەناوی "کرێی خزمەتگوزاری" بەسەر کۆمپانیاکانی مۆبایلدا کە لە لایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق هەڵوەشێنرایەوە و ڕایگەیاند، سەپاندنی باج دەسەڵاتی تایبەتی پەرلەمانە.

ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق یەکێکە لە بڕیارە گرنگەکان کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتییان و نرخی کارتەکانی باڵانسەوە هەیە.

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی لە بڕیارەکەیدا پشتی بە بنەمایەکی دەستووریی چەسپاو بەستووە کە دەڵێت: "هیچ باج و ڕسوماتێک ناسەپێنرێت و هەموار ناکرێتەوە، تەنها بە یاسا نەبێت."

دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق(CMC) ویستبووی لەژێر ناوی "کرێی خزمەتگوزاری بۆ ڕێکخستنی شەپۆلەکان" بڕی (١٪ بۆ ٢٪) پارەی زیاتر بخاتە سەر کۆمپانیاکانی مۆبایل (ئاسیاسێل، کۆڕەک، زەین). دادگا ڕایگەیاند کە ئەمە جۆرێکە لە "باجی شاراوە" و دەستەکە دەسەڵاتی دەرکردنی بڕیاری لەو شێوەیەی نییە، چونکە تەنها پەرلەمان (ئەنجومەنی نوێنەران) بۆی هەیە یاسای باج دەربکات.


PM:01:19:20/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت