قائیمقامی هەولێر ڕێنماییەکانی بۆ مانگی ڕەمەزان ئاشکراکرد

‌دیمەنێکی مانگی ڕەمەزان لە هەولێر

وێستگەنیوز_

قائیمقامی ناوەندی هەولێر رایگەیاند، لە مانگی رەمەزاندا رێگە بەخواردن و خواردنەوە نادرێت بە ئاشکرا لەسەر شەقامەکان هەبێت. دەشڵێت، "هەرکەس سەرپێچی لە رێنماییەکان بکات رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ی ئاداری 2022، نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی پارێزگای هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، لە ئێواران و شەوانی مانگی رەمەزاندا لیژنەکانیان بە شێوەیەکی چڕتر سەردانی چێشتخانەکان دەکەن.

وتیشی، لیژنەکانیان چاودێری زیاتری بازاڕدەکەن بە ئامانجی رێگری کردن لە قۆرخکاری و رێگری کردن لە بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییە بنەڕەتیییەکان، بەتایبەتی خورما و شیرینی و شەربەت.

قائیمقامی پارێزگای هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، لەمانگی رەمەزاندا لە شاری هەولێر رێگەنادرێت ئەو شوێنانەی خواردنەوە کحولییەکانی تێدا دەفرۆشرێت کراوەبن و بەدرێژایی مانگی رەمەزان بە داخراوی دەمێننەوە.

باسی لەوەشکرد، لە رێگەی چاودێری کردنی لیژنەکانی پۆلیس و لیژنەپەوەیندیدارەکانی دیکەوە رێگری دەکرێت لە دیاردەی خواردن و خواردنەوەی ئاشکرا لەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان.

نەبەز عەبدولحەمید ئەوەشی وت، چێشتخانەکان ئازادن لە کردنەوە یان داخستنی شوێنەکانیان، بەڵام ئەگەر کراوەبن پێویستە بە پەردەیەکی نوێی پاک داپۆشرێن، ئەمەش وەک رێزگرتنێک لە مانگی رەمەزان و رۆژووگرەکان.

دەشڵێت، گێڕانی ئاهەنگ لە یانە شەوانییەکان و ئەو شوێنانەی تایبەتن بە ئاهەن گێڕان، بە درێژایی مانگی رەمەزان رێگەیان پێنادرێت ئاهەنگ بگێڕن.

قائیمقامی هەولێر وتیشی، کۆبوونەوەی گەنجان و کێشانی نێرگەلە و بێزارکردنی خەڵک لە شەوانی رەمەزاندا رێگەی پێنادرێت.



PM:01:05:31/03/2022


ئه‌م بابه‌ته 1380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت