زیاد جەبار: تاکڕەوییەکی زۆر لە حکومڕانی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە


وێستگەنیوز_هێڤار هیوا

زیاد جەبار، بەرپرسی مەڵبەندی یەکی سلێمانی لە ساڵرۆژی کۆچی دوایی مام جەلال رایگەیاند، "ئێستا تێگەیشتووین ئەو بۆشاییەی مام جەلال بەجێیهێشت، هەتا ئێستا بە هەموو عیراقییەکان پڕنەکراوەتەوە؛ مام جەلال بەردەوام هەموو لایەنە عێراقییەکانی لەسەر مێزی گفتووگۆ کۆدەکردەوە."

ئەمرۆ پێنجشەممە 3ـی 10ـی 2024، زیاد جەبار بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "لە دوای مام جەلال هەموو ئەو پەیوەندییەی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان لەگەڵ هێزە عێراقی و دۆست و نەیارەکانماندا هەمانبوو، هەمووی تێكچووە و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بار و گوزەرانی خەڵکی کردووە.|

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێستاش کە لە بانگەشەی هەڵبژاردنداین، یەکێتی نێشتیمانی کوردستان هەموو هەوڵەکانی بۆ ئەوەیە بەشێك لەو بۆشاییەی سەرۆک مام جەلال جێیهێشتووە بتوانین بۆ داهاتوو پڕیبکەینەوە. لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بەردەوام لە هەوڵدا بووە بۆ باشترکردنەوەی پەیوەندییەکان. "

لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا وتی: "تاکڕەوییەکی زۆر لە حکومڕانی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و کاردەکەین بۆ ئەوەی یەکێتی بتوانێت بە سەنگ و قورساییەکی باشەوە بەشداربێت لە پرۆسەی حکومڕانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو شێوازە راستبکەینەوە و بیخەینە خزمەت میللەتەکەمان."

ئاشکراشیکرد، "هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازە، جاران سەنتەری کۆبوونەوەکان ناو مەڵبەندی سلێمانی بوو، بەڵام ئەمجارە مەڵبەند چۆڵکراوە."


PM:02:23:03/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 1032 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت