بزوتنەوەی گۆڕان: بێباکی و ناشەفافی و بێ ئیرادەیی هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکەن
دیمەنێک لە گردبوونەوەی جەماوەری بزوتنەوەی گۆران/ ئەرشیف
وێستگەنیوز_
بزوتنەوەى گۆڕان دەڵێت، "ئامانجەکانی راپەڕین نەهاتونەتەدی و بێباکی لە حوکمڕانی و خراپی دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک و ناشەفافی لە داهات و بێ ئیرادەیی بۆ چاکسازیی هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکات".
ئەمرۆ شەممە 5ی ئاداری 2022 بزوتنەوەی گۆڕان لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی یادی راپەڕینەوە رایگەیاندووە، "ئەمڕۆ لە ساتەوەختێکی پڕ ئاڵنگاری و کێشمەکێشمی سیاسیی و خراپی دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان، (31) ساڵ بەسەر یادی راپەڕینی خەڵکی کوردستان تێدەپەڕێت، ئەم یادە بیرەوەری چرکەساتێکی مێژویی نەتەوەکەمانە، کە بە ئیرادەیەکی یەکگرتو و پتەوەوە هاونیشتیمانیان و پێشمەرگە و رێکخستنە نھێنیەکان دژی جەور و ستەمی رژێمی بەعس وەستانەوە".
ئەوەش وتراوە کە، "سیاسەتی ھەڵە و نەبوونی ستراتیژێکی نیشتیمانی و بێباکی لە خواستی ھاونیشتیمانیان بۆ دامەزراندنی ھەرێمێکی دیموکرات و دادپەروەر، کوردستانی خستووەتە بەردەم ھەڕەشە و مەترسی گەورە، لەگەڵ ئەوەی رەنج و ئارەقەی نێوچاوان و خوێنی شەھیدان و خەباتی سەدەیەک لە قوربانیدانی نەتەوەکەمان لە پێناو دەستکەوتی حیزبی و شەخسی کورتخایەن وا خەریکە بەھەدەر دەدرێت".
دەقى راگەیەندراوەکە:
ئەمڕۆ لە ساتەوەختێکی پڕ ئاڵنگاری و کێشمەکێشمی سیاسیی و خراپی دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان؛ (٣١) ساڵ بەسەر یادی راپەڕینی خەڵکی کوردستان تێدەپەڕیت. ئەم یادە بیرەوەری چرکەساتێکی مێژویی نەتەوەکەمانە، کە بە ئیرادەیەکی یەکگرتو و پتەوەوە هاونیشتیمانیان و پێشمەرگە و رێکخستنە نھێنیەکان دژی جەور و ستەمی رژێمی بەعس وەستانەوە.
مایەی رەخنە و نیگەرانییەکی قوڵە؛ دوای زیاتر لە سێ دەیە لە حکومڕانی، ئامانجەکانی راپەڕین نەھاتونەدی و، حوکمڕانیەکی ناتەندروست بە قەیرانی فرە رەهەند بووەتە دیفاکتۆ، بەشێوەیەک گەندەڵی بەربڵاوە، داهاتەکان شەفاف نین و ناچنە خزمەتی خەڵکەوە، رێژەی بێکاری زیاد دەکا و گەنجان بێ ئومێدن، ئیرادەیەکی جدیش نابیندرێ بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی و گۆڕانکاری ریشەیی، ھەروەک ھاوکاری نەکراوە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە و ستراتیژی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتە سیاسییەکانی دیکە و، داخوازییەکانی ئازادیخوازان و رۆشنبیران و میدیاکان.
سیاسەتی ھەڵە و نەبوونی ستراتیژێکی نیشتیمانی و بێباکی لە خواستی ھاونیشتیمانیان بۆ دامەزراندنی ھەرێمێکی دیموکرات و دادپەروەر، کوردستانی خستووەتە بەردەم ھەڕەشە و مەترسی گەورە. لەگەڵئەوەی رەنج و ئارەقەی نێوچاوان و خوێنی شەھیدان و خەباتی سەدەیەک لە قوربانیدانی نەتەوەکەمان لە پێناو دەستکەوتی حیزبی و شەخسی کورتخایەن وا خەریکە بەھەدەر دەدرێت.
ئەم وێنە گشتیە نیشانەی دەیان مەترسی و هەڕەشەیە بۆ سەر ئەزمونی حوکمڕانی، کە دیارترینیان نەمانی متمانەی سیاسیە بە دامەزراوەکانی سیستمی حوکمڕانی، چونکە خەڵکی کوردستان دژ بە ستەمکاری راپەڕینی کرد، کەچی ستەمی سیاسی و ئابوری بەردەوامە، ھاوڵاتیان دژ بە نادادپەروەری وەستانەوە، نادادی ھەمو پنتەکانی سیاسەت و ئابوری گرتۆتەوە. خەڵک بۆ ئازادی تێکۆشان، ئێستا ئازادیە گشتی و مەدەنیەکان لەبەردەم پێشێلکاریدان.
لەم یادە نەتەوەیی و نیشتیمانیە پڕ بایەخەدا، بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی مەدەنی و نیشتیمانی بەرپرسیار، کە دواین پڕۆژەی سیاسیی ئەندازیاری راپەڕین نەوشیروان مستەفایە؛ هۆشداری دەدات لە مەترسیەکانی ئەو تونێلە تاریکەی ئەم ئەزمونە سیاسیەی پێدا تێدەپەڕێ، بانگەوازی پێکەوەکارکردن و یەکێتی نەتەوەیی دەکات بۆ لابردنی بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەی نیشتیمانسازی راستەقینە، کە گرنگترین هەنگاو چاکسازی لە ناوخۆ و رێککەوتنە لەسەر بنەمای دەستور لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی.
لە کۆتایدا، پێویستە یادی راپەڕین هەموان بخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتیمانی، بەجۆرێک هاندەرمان بێت بۆ پتەوکردنی ژێرخانی سیاسیی و ئابوری هەرێم، بۆ دروستکردنەوەی متمانە لەنێوان هاوڵاتیان و حکومەت، خەڵک و دامەزراوەکانی سیستمی سیاسیی، جەماوەر و حیزبەکان، چونکە گەورەترین مەترسی قەیرانی بێ متمانەییە ناوخۆدا، ئەو مەترسیەش کاتێک دەگۆڕێت بە دەرفەت کە حوکمڕانی کوردستان پشتگیری خەڵک بەدەست بهێنێت و میللەتەکەمان خاوەندارێتی لە پاراستی دەستکەوتەکانی راپەڕین بکات.
بزوتنەوەی گۆڕان
٥ی٣ی٢٠٢٢
AM:10:15:05/03/2022
ئهم بابهته 1096
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت