نرخی گه‌شتی عومره‌ له‌چاو ساڵانی رابردوو دابه‌زیوه‌

‌نرخی گەشتی عومرە دابەزیوە

وێستگه‌ نیوز ـ
خاوەن کۆمپانیایەکی گەشتی حەج و عەمرە لە ھەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، نرخی گەشتی عەمرە لە ئەمساڵدا، نزیک بە 200 دۆلار کەمترە لە ساڵانی پێشتر.

عەبدوڵا محەمەد مەجید، کە کۆمپانیای گەشتی حەج و عەمرەی هەیە بە ئه‌نادۆڵی راگەیاندووە، "لەم وەرزەدا خەڵکی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت دانیشتوانی شاری ھەولێر روویان لە بەجێ گەیاندنی گەشتی عەمرە کردووە، ھۆکارەکەشی ئەوەیە لەم وەرزەدا و بەتایبەت لە مانگی ئاداردا چەندین رۆژ پشوو ھەن و ئەو ھەلە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران بەگشتی رەخساوە بۆ ئەوەی بۆ عەمرە بڕۆن".

ئەوەشی وتووە، "لەئەمساڵدا نرخی عەمرە بەگشتی دابەزیوە بەرارود لەگەڵ ساڵانی رابردوو، واتە نزیکەی 200 بۆ 250 دۆلار لەچاو ساڵانی تر کەمتر بووە و نرخی گەشتی عەمرە لەئەمساڵدا، گەیشتووەتە 700 بۆ 750 دۆلار لە کاتێکدا لە ساڵانی پێشوو نرخی ئەو گەشتە لەنێوان 900 بۆ 950 دۆلار بووە".

سەبارەت بە ھۆکاری دابەزینی نرخی عەمرەش وتوویەتی: "بەگشتی نرخی ھۆتێلەکان لە سعوودیە دابەزیوە و ئەوەش وایکردووە ئێمەش نرخەکان دابەزێنین، چونکە ئێمە لەنێوان کۆمپانیاکان کێبڕکێ لەسەر نرخ دەکەین".

ناو براو باسیلەوەشکردووە، "ھەروەھا لەئێستادا کەمێک باری ئابووری خەڵکی ھەرێمی کوردستان باشتر بووە بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو، بەتایبەت چینی فەرمانبەران و مامۆستایان مووچەکانییان گۆڕانکاریی بەسەرداھاتووە و باشتر بووە، بۆیە بەشێک لەو خەڵکەی کە ناتوانێت پڕۆسەی حەج بەجێ بگەیەنێت و بەریناکەوێت دەچنە عومرە".

سەبارەت بە دابەزین و کەمبوونەوەی نرخی عەمرەش، عەبدوڵا محەمەد مەجید روونیدەکاتەوە: "ھۆکاری دابەزینی نرخی عەمرە ئەوەیە ئەمساڵ وڵاتی سعوودیە رسوماتی خستووەتە سەر ئەو کەسەی بۆ جاری دووەم دەچێت بۆ عەمرە، واتە ھەر کەسێک لە مانگەکانی 11 و 12ی ساڵی 2016 یان ساڵی 2017 یان و ساڵی 2018 ئەگەر رۆیشتبێت بۆ عەمرە ئەوا رسوماتی دەکەوێتە سەر و 535 دۆلاری خستووەتە سەر، ئەمە بۆ خەڵکی ھەموو وڵاتانی دنیایە، بۆیە ئەوەش وایکردووە کە نرخی هوتێلەکان دابەزێت، چونکە کۆمپانیایەکی زۆریش کراوەتەوە و رکابەرایەتیی زیاتر ھاتووەتە کایەوە لەسەر ئەو پرسە".

گەشتی عەمرە لە ئایینی ئیسلامدا یەکێکە لەو کارانەی بە سوننەتی پێغەمبەری ئیسلام محه‌مه‌د (درودی خوای له‌سه‌ر بێت) دادەندرێت، بەڵام حەج فەرزە، عەمرە ھەر موسڵمانێک کە باڵق و عاقڵ بێت دەتوانێت لەھەرکاتێکی ساڵدا بێت ئەنجامی بدات، بەڵام بە باشتر زانراوە ئەو کارە لە وەرزی رەمەزاندا ئەنجامبدرێت.

بە ھۆی ئەوەی گەشتی حەجکردن لە ھەرێمی کوردستاندا چەند ساڵێکە لە رێگەی تیروپشکەوە ئەنجام دەدرێت، بۆیە خەڵکانێکی زۆر چاوەڕوانی ئەو گەشتە دەکەن و ھی وا ھەیە چەند ساڵێک چاوەڕوان دەبن، بۆیە زۆر جار بەشێک لەوان لە بری حەجکردن گەشتی عەمرەش دەکەن.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "نرخی عەمرە لە لایەن وەزارەتی ئەوقافەوە دیاری ناکرێت، بەڵکو کێبڕکێی کۆمپانیاکان ئەو نرخە دیاریی دەکات، بەگشتیش لە ئەمساڵدا نرخی عەمرە لەچاو ساڵانی پێشووتر کەمترە".

وتیشی: "ھۆکاری کەمبوونەوەی نرخی عەمرە لە ئەمساڵدا ئەوەیە نزیکەی 700 بۆ 800 کۆمپانیا لە سعوودیە دامەزراون بۆ ئەو مەبەستە و ئەوانیش ھەریەکێکیان بۆیان ھەیە لەگەڵ نزیکەی پێنج کۆمپانیا گرێبەست بکەن".

ھەروەھا ئەوەشی وت کە ھۆکاری دیکەش لە پشت کەمکردنەوەی نرخی گەشتی عەمرەیە و وتی: "داشکاندنی نرخەکان بۆ راکێشانی گەشتیار و خەڵکی زیاترە بۆ گەشتی عەمرە، کردنەوەی ھێڵی ئاسمانی، ناس سعوودیە و ھەروەھا کێبڕکێی نێوان کۆمپانیاکان خۆیانە وایکردووە لە ئەمساڵدا نرخ لەچاو ساڵانی تر کەمتر بێت".

نەبەز ئیسماعیل باسی لەوەشکرد کە ساڵانە لە ھەرێمی کوردستان لەنێوان 19 بۆ 20 ھەزار کەس گەشتی عەمرە ئەنجام دەدەن، ھەروەھا نزیکەی 100 کۆمپانیا لە ھەرێمی کوردستان حاجی دەگوازنەوە".

هــ. ر


AM:08:59:04/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 17636 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو