بە وێنە.. ناوی‌ سەرکردە و بەرپرسانی‌ تورک لەسەر ئەو بۆمبانە دەنوسرێن کە دەنرێن بە عەفرینەوە


وێستگه‌ نیوز ـ
ناوی‌ ژمارەیەک لە سەرکردە و بەرپرسانی‌ تورک لەسەر ئەو بۆمبانە دەنوسرێن کە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانە و تانکەکانی‌ تورکیاوە دەنرێن بە ماڵ و موڵکی هاووڵاتیانی‌ عەفرینەوە. بەهۆی‌ ئەو بۆردومانانەی‌ تورکیاوە تا ئێستا بە لانیکەمەوە 286 هاووڵاتیی‌ عەفرین شەهید و برینداربوون.

ئاژانسی‌ هەواڵی‌ میزۆپۆتامیا لە باکووری کوردستان بڵاویکردەوە، ئەو بۆمبانەی‌ کە فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانە و تانکەکانی‌ تورکیا ماڵ و موڵکی‌ هاووڵاتیانی‌ عەفرینی‌ پێ بۆردومان دەکەن، ناوی‌ ژمارەیەک سەرکردە و بەرپرسی‌ تورکی نووسراوە و لەسەر بۆمبەکانیش جگە لە ناوی‌ کەسەکە، پۆستەکەی‌ و هەروەها وشەی‌ لێیاندەن نوسراوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، نوێترین وێنەی‌ ئەو بەرپرسەی‌ ناوەکەی‌ لەسەر بۆمبێکی‌ گەورەدا نوسراوە، ئۆزلەم چەرچی‌ ئۆغڵو سەرۆک شارەوانیی گەورە شاری‌ ئایدنە. ئۆزلەم لەسەر لیستی جەهەپە بووە بە سەرۆک شارەوانیی‌ ئایدن. لەسەر بۆمبەکەدا نوسراوە "گەورە شارەوانیی‌ ئایدن، ئۆزلەم چەرچی‌، عەفرین هاشتاگی‌ چڵە زەیتو".

ئەوەش خراوەتەڕوو، ناوی‌ ئەرهان ئوستا سەرۆکی‌ گروپی‌ مەهەپە لە پەرلەمانی‌ تورکیا یەکێکی‌ ترە لەو ناوانە کە لەسەر بۆمبەکانی‌ دژ بە عەفرین نوسراوە و لە پاڵ ناوەکەیدا پۆستەکەی‌ و کارەکەی‌ نووسراوە.

ئەرهان لە تویتێکدا وێنەی‌ بۆمبەکەی‌ بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی‌ "برای ئازام ئەوەی‌ دەیتەقێنن ببێت بە هەزار، خودا هێزتان بداتێ. ئەی‌ تورک لێدە، پاکیزەکانی‌ وڵات، لەو تاوانبارانە بدەن، لە جامی دروستکراو لە ئێسک بۆ شەراب، لەو کەسانە بدەن، کە خوێنی‌ شەهیدان دەخۆن". ئەوەش بەشێکە لە دەقی‌ گۆرانیی لێیدە، کە لەلایەن گۆرانبێژی‌ تورکی محەمەد ئەمین یورداکولەوە وتراوە.

هەروەها موراد زۆرلوئۆغڵو پارێزگاری حکومەتی‌ تورکیا لە پارێزگای‌ وان وێنەی‌ بۆمبێکی‌ بڵاوکردووەتەوە کە ناوی‌ خۆی لەسەرە و لە پۆستێکیشیدا نووسیویەتی‌ "سەرکەوتن بەرەو چیای‌ بارسایا، مەدالیای‌ یەکێتیی‌ نەتەوەیی‌، شێرەکانی‌ خودا".

یەکێکیتر لەو بەرپرسە تورکانەی‌ کە ناوی لەسەر بۆمبەکان بۆ بۆردومانکردنی‌ عەفرین نوسراوە، هالوک ئالیجیک سەرۆکی‌ شارەوانی‌ نازیلییە.

لەدوای‌ ئەوانەش یوسف زیا گیونادین سەرۆک شارەوانی‌ ئیسپارتا و گالیپ ئۆزتورک خاوەنی‌ میترۆ توریزم (کۆمپانیایەکی‌ گەشتیاری)یە، ناویان لەسەر ئەو بۆمبانە نوسراوە، کە خەڵکی‌ عەفرینی‌ پێدەکرێتە ئامانج.

سوپای‌ تورکیا و گروپە چەکدارەکانی‌ سەربە ئەنقەرە لە ڕۆژی ٢٠ی‌ کانوونی دووەمی ٢٠١٨وە هێرشی‌ کردووەتە سەر کانتۆنی عەفرین و لەوکاتەوە تا ئێستا چەندین شەڕی‌ قورس لە نێوان شەڕڤانان و سوپای‌ تورکیا لە سنوورەکانی‌ ئەو کانتۆنەدا ڕوویانداوە.

بەپێی‌ ئامارە بڵاوکراوەکانی شەڕڤانان، تا ئێستا زیاتر لە 37 تانک و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی‌ سەربازیی‌ سوپای‌ تورکیا لەلایەن شەڕڤانانەوە تەقێنراونەتەوە و 781 سەرباز و چەکداری‌ تورکیاش کوژراون. لە بەرامبەریشدا 77 شەڕڤان و 104 هاووڵاتی‌ شەهیدبوون و 156 هاووڵاتیی‌ تریش برینداربوون.

بەپێی‌ سەرچاوە میدیاییەکان و ڕێکخراوەکانی‌ مافی‌ مرۆڤ و سەرچاوەکانی‌ هەواڵ لە ڕۆژئاوای‌ کوردستان چەندین وێنە و ڤیدیۆیان بڵاوکردووەتەوە، کە تورکیا لە بەشێکی‌ زۆری بۆردومانەکانیدا ماڵ و موڵک و بازاڕ و خاونی‌ هاووڵاتیان و گوندەکان و شارەکانی‌ کردووەتە ئامانجی بۆردومانەکانی‌ و ئەوەش بووەتەی‌ هۆی‌ گەیاندنی‌ چەندین زیان بەهاووڵاتیانی‌ عەفرین.



PM:10:29:02/02/2018














ئه‌م بابه‌ته 28834 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو