بافڵ تاڵه‌بانی: ژمارەیەك راوێژكاری بیانی بارزانیان بەرەو هەڵەیەكی گەورە هاندا

‌بافڵ تاڵه‌بانی

وێستگه‌ نیوزـ

بافڵ تاڵه‌بانی، كوڕی جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری كۆچكردوی عیراق و سكرتێری گشتیی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان گفتوگۆیه‌كی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی ته‌له‌گرافدا كرد و باسی دۆخی هه‌رێمی كوردستان و ریفراندۆمه‌كه‌ی 25ی ئه‌یلولی 2017ی كرد.

له‌و گفتوگۆكه‌دا بافڵ تاڵه‌بانی سه‌باره‌ت به‌ سازكردنی ریفراندۆم رەخنەی لە سەركردایەتی كورد لەنێوانیشیاندا خودی حزبەكەی خۆی گرتووه‌ و پێشی وایه‌ كه‌ "ژمارەیەك راوێژكاری بیانی كە بەڕێز بارزانی-یان بەرەو هەڵەیەكی گەورە هاندا، به‌پێویستیشی زانیووه‌ حكومەتەكانی رۆژئاوا هاوكاربن لە چارەسەر كردنی قەیرانەكانی كوردستان، بەر لەوەی داعش خۆی ڕێك بخاتەوە."

بافڵ تاڵەبانی، رایگەیاندوە: ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی شكستهێنانی تیرۆر لە عیراق بۆ بەهەند وەرنەگرتنە‌، داواشی لە بەریتانیەكان كرد گفتوگۆ بكەن بۆ كۆتایی هێنان بە روبەروووونەوەی نێوان هێزەكانی عیراق‌ و كوردستان كە پێشتر هاوپەیمان بون لە شەڕی دژ بە گروپە تیرۆریستیەكان، دەشڵێت: داعش كۆتایی نەهاتوە‌و ئەو كێشەیەش نەدۆڕاوە، هەموو ئەوەی دەیبینین تەشەنەكردنی جەنگی جیاوازە كە رق‌و رەگەزپەرستی زیاتر دەكات‌و دیاردەی تیرۆر فراوانتر دەكات.

بافڵ تاڵه‌بانی رونیشیكردەوە: هەموو كات هەمان شتە، تیرۆر بە ناوێكی ترەوە دەگەڕێتەوەو توندترو توندتر‌و توندتر دەبێت‌و بە رەهایی داعش كۆتایی نەهاتوە و وتی: من ئێستا لە لەندەنم بۆ ئەوەی كۆمەڵی نێودەوڵەتی قایل بكەم بەوەی هاوكاربن لە دەست پێكردنی گفتوگۆ لە نێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی ناوەندی لە بەغدا بەر لەوەی دۆخەكە خراپتر ببێت.

رۆژنامەكە، نوسیویەتی كە توندتربونی دۆخەكە دەگەرێتەوە بۆ باسی سەربەخۆیی‌ و ریفراندۆم، بەڵام بافڵ تاڵەبانی، دەڵێت: "ئەو زنجیرەیەی گەیشتە بابەتی سەربەخۆیی كورد، دەگەڕێتەوە لانیكەم بۆ دەیەیەك"، دەشڵێت: لەدەستدانی هەر سەرچاوەیەكی نەوتی ناوچەكەی لە رۆخی هەرەسی ئابوری نزیك كردۆتەوە‌و حكومەتی هەرێمیش دارایی پێویستی لەبەردەستدا نەماوە بۆ پێدانی موچە."

لە كۆبونەوەیەكیشدا لەگەڵ ئەلاستیر بورت-ی بەرپرسی خۆرهەڵاتی ناوەراست لە وەزارەتی دەرەوە، بافڵ تاڵەبانی داوایكردووه‌ كه‌ بەریتانیا فشار بخاتە سەر بەغدا بۆ ئەوەیی پشكی هەرێم لە داهاتی نەوت بدات وەك ئەوەی لە دەستوری عیراقدا هاتوە‌ و 17%یه‌، وتوشیه‌تی: هەموو شتێكی تر دەكرێت لە وردەكاری باسی لەسەر بكرێت، بەڵام ئێمە لە هەرێمی كوردستان پێویستمان بەوەیە كە موچە بدەین‌و خەڵك پێویستی بە موچەیە، ئەوەش رەوا نییە خەڵكی كوردستان برسی بكرێن بەهۆی هەڵەی سیاسی هەندێك سیاسەتمەدارەوە.

بافڵ تاڵەبانی وتی: "هیچ كینەیەكم بەرامبەر بە كۆمەڵی نێودەوڵەتی نییە، هەموان لە لەندەن بۆ واشنتن ‌و بۆ تاران ‌و بەغدا وەك رۆژی روناك هەڵوێستیان رون بوو بەرامبەر بە ئەنجامی ریفراندۆم، هەموو كارتەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ بون ‌و پێیان وتین كە ئەمە رودەدات، ئەگەر پێیان نەوتینایە ئەوا پێموابوو كە ناپاكیمان بەرامبەر كراوە، بەڵام هەموان پێیان وتین كە ئەمە رودەدات".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی گفتوگه‌دا بافڵ تاڵەبانی رەخنە لە سەركردایەتی كورد گرتووه‌ لەنێوانیشیاندا خودی حزبەكەی بەهۆی كەلەرەقی‌ و ناكۆكیەوە، جگە لەوەی ژمارەیەك راوێژكاری بیانی كە بەڕێز بارزانی-یان بەرەو هەڵەیەكی گەورە هاندا. 

بافڵ تاڵەبانی، رونیشیكردووەتەوە: سەركردایەتی كورد گفتوگۆیەكی 11 سەعاتیان فەرامۆش كرد كە لەگەڵ ئەمریكیەكان كرا‌ و ئەمریكییەكان قایل بون كە پشتیوانی ریفراندۆم بكەن ئەگەر دوو ساڵ دوابخرێت تا نەبێتە كۆسپ لەبەردەم جەنگی دژ بە داعش‌ و دەرفەتی سەركەوتنی حەیدەر عەبادی لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2018.

رەتیشیكردەوە: خۆی یان هەندێ فەرماندەی سەربازی تر لە كارەساتی دوای ریفراندۆم خەمسارد بوبێتن یان دەستیان لەو كارەساتەدا هەبوبێت‌و، وتی: "ئەوە هاوكێشەیەكی زۆر سادە بوو، ژمارەیەكی زۆر لە ئامێر‌و كەلوپەلی سەربازی گەورە هەبوو كە پێویستی بە سیستمی چەكی پێشكەوتوو بوو بۆ تێكشكاندنیان‌و ئێمەش چەكی پێویستمان لەو بوارەدا نەبوو".

دەشڵێت: پێش ئەوەی شەڕ ببێت، وتم: "تكایە ئەوە لەبەرچاو بگرن"، بەڵام تەنیا وەڵامی ئەوەم درایەوە كە: پێشمەرگە ئازایە، وتیشی:"راستە پێشمەرگە ئازایە، بەڵام ئازایەتی دەتوانێت چی بەرامبەر بە تانك بكات؟"

له‌ كۆتایی گفتوگۆكه‌شدا ده‌ڵێت: پێویستە ئەمە وەك بانگەشەیەك بێت بەمەبەستی كۆتایی هێنان بە ناكۆكییە مێژوییەكان بە تایبەت لە نێوان ئێمە‌ و پارتی كە بەڕێز بارزانی سەرۆكایەتی دەكات‌ و هەردوولا لە نەوەدەكان شەڕی ناوخۆمان كرد‌ و وتی: "سەرەتا پێویستە ماڵی خۆمان رێكبخەینەوە، ئێمە پێویستمان بە یەكخستنی دەنگی كوردە".

دوپاتیشیكردەوە: "ئەگەر هەرێم وەك ناوچە ‌و قەوارە لەدەست بدەین، ئەگەر عیراق ئێمە دابەش بكات‌ و بۆ دەسەڵاتی خۆی یاریمان پێ بكات، ئەوا راشكاوانە دەڵێم هیچ گرنگ نییە ئەو كاتە كێ بەرپرسە لەوە."

ر.ع


PM:06:14:19/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 10286 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو