بافڵ تاڵه‌بانی: ئەمریكا بە بەڵگەوە هاتە پێش، به‌ڵام ئه‌و چانسه‌مان له‌ده‌ستدا

‌بافڵ تاڵەبانی

وێستگه‌ نیوزـ

بافڵ تاڵەبانی ئاشكرایكرد لە دوایین ساتەكاندا ئەمریكا بە بەڵگەوە هاتە پێش، بەڵگەیەك كە پشتیوانی دەكرا لەلایەن بەریتانیاوە، و پێشنیازی ئەوەی دەكرد كە ئێمە دوو ساڵ چاوەرێ بكەین ‌و ئەگەر دوای دوو ساڵ نەگەیشتینە ئەنجام لەگەڵ بەغدا، ئەمریكا پشتیوانی لە پێویستی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان دەكات، پرسیاری من ئەوەیە بۆچی دوو ساڵ چاوەڕێمان نەكرد؟ هۆكاری سەرەكیی ئەوە بوو كە ئێمە ئەو چانسەمان لەدەستدا.

بافڵ تاڵەبانی، کوڕە گەورەی مام جەلال، لە گفتوگۆیه‌كدا لەگەڵ رادیۆی BBC رایگه‌یاند: "ریفراندۆم رێگەیەكی باشە بۆئەوەی رای خۆت بۆ وڵاتانی جیهان ئاشكرابكەی، بەڵام دوایین ئامانج ریفراندۆم نییە، دوایین ئامانج زامنكردنی ژیانی هاوڵاتیانی كوردە".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا بافڵ تاڵه‌بانی ئاشكرایكرد: لە دوایین ساتەكاندا ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە بەڵگەوە هاتەپێش، بەڵگەیەك كە لەلایەن بەریتانیا و نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی دەكرا، ئەو بەڵگەیە پێشنیازی ئەوەی دەكرد كە ئێمە دوو ساڵ چاوەرێ بکەین ‌و ئەگەر دوای دوو ساڵ نەگەیشتینە ئەنجام لەگەڵ بەغدا، ئەمریكا پشتیوانی لە پێویستیی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان دەكات، پرسیاری من ئەوەیە بۆچی دوو ساڵ چاوەڕێمان نەكرد؟ هۆكاری سەرەكیی ئەوە بوو كە ئێمە ئەو چانسەمان لەدەستدا".

بافڵ تاڵەبانی راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "رێككەوتنێك هەبوو لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق سەربازگەی كەیوان ببێتە بنكەیەك بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە شێوەیەك لە هێزی ئەمریكا و بەریتانیا و ئەو وڵاتانەی تر كە ئەندامن لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەو بنكەیە بوونیان هەبێت، بڕیار بوو هێزێكی بێلایەن‌و میانەڕەوی عیراق لەو بنكەیە بێت، پێویستە تەئكیدی لێبكەمەوە هێزێكی بێلایەنی عیراقی، بەڵام بەداخەوە سەركردایەتی كورد نەیتوانی بە دروستی وەڵامی ئەو داواكارییە بداتەوە."

به‌شێك له‌ ده‌قی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ رادیۆی BB:

پرسیار: بەڵام بۆچوونێك هەیە كە هۆكاری سەرەكی سەرهەڵدانی ئەو كێشەیە ریفراندۆم بوو؟
بافڵ تاڵەبانی: نەخێر بەڕێز، پێمخۆشە روون قسە بكەم سەبارەت بەو بابەتە، هۆكاری سەرەكیی ئەو كێشەیە قبوڵنەكردنی بەدیلی ئەمریكا بوو بۆ ریفراندۆم، ریفراندۆم رێگەیەكی باشە بۆ ئەوەی رای خۆت بۆ وڵاتانی جیهان ئاشكرا بكەی، بەڵام دوایین ئامانج ریفراندۆم نییە، دوایین ئامانج زامنكردنی ژیانی هاوڵاتیانی كوردە، لە دوایین ساتەكاندا ولایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بە بەڵگەوە هاتە پێش، بەڵگەیەك كە پشتیوانی دەكرا لەلایەن بەریتانیاوە، لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوەو كۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە، ئەو بەڵگەیە پێشنیازی ئەوەی دەكرد كە ئێمە دوو ساڵ چاوەرێ بكەین ‌و ئەگەر دوای دوو ساڵ نەگەیشتینە ئەنجام لەگەڵ بەغدا، ئەمریكا پشتیوانی لە پێویستی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان دەكات، پرسیاری من ئەوەیە بۆچی دوو ساڵ چاوەڕێمان نەكرد؟ هۆكاری سەرەكیی ئەوە بوو كە ئێمە ئەو چانسەمان لەدەستدا.

پرسیار: تۆ هەست دەكەی كە ئێستا درەنگە و چیدی ناگەن بە ئامانجەكانتان؟
بافڵ تاڵەبانی: سەبارەت بەم پرسیارە، پێویستە بڵێم كە من دەربارەی یاری تۆپی پێی زۆر شارەزا نییم، بەڵام دەزانم كە بۆ بردنەوە درەنگ نەبووە، لە یاری تۆپی پێدا ئەگەر لە دوایین ساتەكانیشدا بتوانی گۆڵ تۆمار بكەی تۆ براوەی، ئێمە كێكەمان لەبەردەستدایەو دەتوانین لێیبخۆین، كەواتە من پێموایە ئێستاش درەنگ نییەو دەتوانین براوە بین.

پرسیار: بۆ كشانەوە لە كەركوك تۆ زۆر سەرزەنشت دەكرێی؟ بۆچی واتكرد؟
بافڵ تاڵەبانی: پێش هەموو شتێك كاتێك دەڵێی تۆ هیوادارام مەبەستت من نەبێ، وەك دەزانی من فەرماندەی هێزی پێشمەرگە نیم، پێشمەرگە ئازایانە‌و قارەمانانە‌و بە شێوەیەكی بێوینە پاریزگاری لە كەركوك كردووە، ئێمە گەورەترین فەرماندەكەنمان لە شەڕی بەرگریی لە كەركوك لە دەستداوە بەتایبەتی لە شەڕی دژ بە گروپی تیرۆریستی داعش، لەم شەڕەی دواییشدا پێشمەرگە رووبەڕووی هێزێكی نابەرابەر بۆوەو تائێستا لە نێوان 84 بۆ 100 پێشمەرگەمان لەو شەڕە لەدەستداوە، بە دەیانی تر بریندار بوون‌ و ژمارەیكیش بێسەروشوێن بوون، فەرماندەكانی پێشمەرگە بڕیارێكی قورس‌ و زەحمەتیان دا بۆ ئەوەی بەشێوەی ستراتیژی بكشێنەوە بۆ ئەوەی رێگەی لە شەهیدبوونی ژمارەیەكی زۆر لە پێشمەرگە و كوژرانی ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیانی مەدەنی بگرن ‌و نەهێڵن كارەساتێكی گەورە رووبدات.

پرسیار: ئێرانییەكان بە ئێوەیان وت بكشێنەوە؟
بافڵ تاڵەبانی: نەخێر، ئێرانییەكان بە ئێمەیان نەوت بكشێینەوە، بەرێز عەبادی داوای لە ئێمە كرد بكشێینەوە، تەنانەت كاتێك داوای لێكردین بكشێینەوە رێگەچارەیكی تریشی پێشكەشكردین، رێگەچارەی پێكهێنانی ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەش لە بنكەی سەربازی كەیوان، ئەوە تاكە رێككەوتنە كە من ئاگام لێیەتی‌و  ئەو تاكە رێككەوتنە كە من ‌و ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی پشتیوانیمان لێكرد، بەڵام دووبارەی دەكەمەوە كە سەركردایەتی كورد نەیتوانی بە شێوەیەكی گونجاو مامەڵە لەگەڵ ئەم كێشەیە بكات، بۆیە ئێمە كەوتینە ئەم دۆخەوە.

پرسیار: چۆن دەتوانن لەم كێشەیە دەرباز بن؟
بافڵ تاڵەبانی: دیالۆگ، دیالۆگ، دیالۆگ.

پرسیار: ئێوە وتتان كە ئێرانییەكان لە پشتی رووداوەكانی كەركوكەوە نیین، بەگشتی نیگەرانی ئێوە لە پەرەسەندنی رۆڵی ئێران لە عیراق چییە؟
بافڵ تاڵەبانی: ئێمە سنووێكی بەرفراونمان لەگەڵ ئێران هەیە، بۆیە ئەوانیش رۆڵێكی گەورە لە عیراق دەگێرن، پێویستە بەشێوەیەكی روونتر بڵێم كە تەنها ئێران نەبوو دژی ئەنجامدانی ریفراندۆم بوو، ئەمریكا‌و بەریتانیا‌و كۆمەڵی نێودەوڵەتی‌ و توركیاو عیراق ‌و هەموو كەس دژی ئەنجامدانی ریفراندۆم بوو، بۆیە ئێمە زۆر كارمان كرد لەسەر بەدیلەكەی ریفراندۆم، لەسەر ئەو بەڵگەو دكیومێنتانەی لەلایەن ئەمریكاوە پێشكەشمان كرا، چونكە ئەو بەڵگانە گەرەنتی ئەوەیان دەدا بە ئێمە كە مافی ئەنجامدانی ریفراندۆممان هەیە، بەڵام دوای دوو ساڵ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ بەغدا، ئەگەر ئێستا سەیرێكی دۆخە بكەن، ئەو قوربانیانەی كە دامان، ئەو دۆخەی كە ئێستا هاوڵاتیانی ئێمە تێیكەوتون، كامیان باشترە؟ بێگومان سەركردایەتی كورد بووەهۆی دروست بوونی ئەم دۆخە.

ر.ع


PM:06:31:21/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 15260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت