به‌رپرسێكی حه‌شد: کوردە خۆبەخشەکان وتویانە ژیان لەخورماتو تاڵ دەکەن

‌وێنە: دەنگی ئەمریکا

وێستگه‌ نیوزـ

ده‌نگی ئه‌مریكا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ کوردە خۆبەخشەکان و حەشدی‌ شەعبی‌ لە دەوروبەری‌ قه‌زای خورماتو یەکتری‌ بۆمباران دەکەن و به‌رپرسێكی حه‌شدی شه‌عبیش ده‌ڵێت كه‌ كورده‌ خۆبه‌خشه‌كان وتویانه‌ ژیان له‌و قه‌زایه‌ تاڵ ده‌كه‌ن.

به‌پێی هه‌واڵه‌كه‌، کوردە خۆبەخشەکان لە شاخی‌ غەرەوە ناو قەزای‌ خورماتو-ی‌ سه‌ربه‌ پارێزگای‌ سەڵاحەدینیان هاوەنباران کردووه‌ کە هێزەکانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ تێدایە، فرۆکەكانی عیراقیش گوندەکانی‌ سەربە ناحیەی‌ نەوجول ی‌ باکوری‌ قەزاکەیان بۆردومانكردووه‌.

عەلی‌ حسێنی‌، وتەبێژی‌ میحوەری‌ باکوری‌ عیراق-ی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ کوردە خۆبەخشەکانی‌ بە "عەسابە" ناوبرد و بەدەنگی‌ ئەمریکای‌ راگەیاند"چەکدارە کوردەکان بەردەوام ناو خورماتو هاوەنباران دەکەن، خۆشیان وتویانە کە ژیان لەخورماتو تاڵ دەکەن."
وتیشی‌" داوامان لە حکومەتی‌ عیراق کردووە هێز ره‌وانه‌ بكات و ناوچەکانی‌ باکوری‌ خورماتو لەو چەکدارانە پاکبکاتەوە، چونکە هەم خەڵکی‌ مه‌ده‌نیی ناو خورماتو و هەم گوندە کوردنیشینەکانی‌ باکوری‌ خورماتوش زەرەرمەند دەبن."

لەلایەکی‌ دیكه‌وه‌ یەکێک لەکوردە خۆبەخشەکانی‌ خورماتو، ئاماژەی‌ بەوەکرد ماڵ و حاڵیان لەلایەن هێزەکانی‌ حەشدی‌ شەعبیەوە لەخورماتو، تاڵانکراوە و سوتێنراوە و تەقێنراوەتەوە، بۆیە ئەوان بێدەنگ نابن.

هاوکات دلێر عەبدوڵا، بەرێوەبەری‌ ناحیەی‌ نەجول-ی‌ باکوری‌ خورماتو، بەدەنگی‌ ئەمریکای‌ راگەیاندووه‌: "دوو هێلیکۆپتەری‌ عیراقی‌ گوندە کوردنیشینەکانیان بۆردومانكردووه‌، بەڵام هێشتا زیانەکانی‌ روون نییە."

وتیشی‌"هێزەکانی‌ حەشدی‌ شەعبیش لەخورماتوەوە هێزیان بە ئاراستەی‌ گوندە کوردنیشینەکانی‌ نەوجول، کە خۆبەخشەکانی‌ تێدایە، جوڵاندووە."

کێشە و ململانێی‌ کورد و حەشدی‌ شەعبی‌ لەخورماتو لەدوای‌ 16ی‌ ئۆکتۆبەری 2017ه‌وه‌ چوەتە قۆناغێکی‌ نوێوە، بەتایبەت کە کوردەکانی‌ خورماتو ئاوارە بوون و حەشدی‌ تورکمانی‌ بە سوتاندن و تەقاندنەوەی‌ خانوەکانیان تۆمەتبار دەکەن.

ر.ع


PM:04:23:12/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 4904 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو