حەشدی شەعبی و ئیدارەی دوزخورماتو لەسەر چارەسەرکردنی پێشمەرگە بریندارەکان ڕێککەوتن


وێستگه‌ نیوزـ

دوای‌ ساڵێک لە داخستنی‌ بەڕووی‌ پێشمەرگەدا، بە ڕێککەوتنی‌ نێوان بەرپرسانی‌ ئیدارەی‌ دوزخورماتو و حەشدی‌ شەعبی‌ بڕیاردرا لەمەودوا لە نەخۆشخانەی‌ گشتی‌ شارۆچکەکەدا ئەو پێشمەرگانە چارەسەربکرێن کە بەهۆی‌ تەقینەوەی‌ بۆمبی‌ چێنراو و شەڕی‌ داعشەوە لە سنورەکەدا برینداردەبن.

پێشتر پیشمەرگە بریندارەکان بە ناچاری‌ دوای‌ بڕینی‌ ڕێگایەکی‌ دوور و پڕ مەترسی‌ دەبرانە نەخۆشخانەکانی‌ کەرکوک.

نەخۆشخانەی‌ گشتی‌ دووزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدینەوە پێداویستی بۆ ڕەوانە دەكرێت و پزیشكی پسپۆڕ و بەشی فریاکەوتن و پێداویستی پزیشكی نوێ و مۆدێرنی تێدایە.

ئەحمەد عەلی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی دوزخورماتوو دەڵێت، لە ئێستا بەدواوە ئامادەن پێشوازی‌ لە پێشمەرگە بریندارەکان بکەن.

جگە لەم نەخوشخانەیە، نەخۆشخانەیەكی دیكە كە لەلایەن خێرخوازانەوە دروستكراوە لەگەڵ بنكەیەكی تەندروستی لە گەڕەكە كوردنشینەكاندا هەیە.

ساڵێک لەمەوبەر بەهۆی‌ گرژی‌ و ئاڵۆزی‌ نێوان حەشدی‌ شەعبی‌ و پێشمەرگەوە، ڕیگە نەدەدرا پێشمەرگە و هاوڵاتییە بریندارەکانی‌ شارۆچکەکە ببرێنە نەخۆشخانەکە و چارەسەریان بۆ بکرێت.

لەئێستا بەدواوە نەخۆشخانەی گشتی دوزخورماتوو، ئەو پێشمەرگانەی تێدا چارەسەر دەکرێت کە برینداردەبن

Posted by NRT on Thursday, August 31, 2017


PM:11:16:31/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 4304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو