كابول... لەگەڵ گەیشتنی وەزیری بەرگری ئەمریكا موشەكێك ئاڕاستەی فڕۆكەخانە كرا

‌جەیمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریکا

وێستگە نیوز-

دوای گەیشتنی جەیمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان، موشەکێک لەنزیک فرۆکەخانەی کابوڵ دەکەوێتە خوارەوە.

لەوبارەیەوە ئاژانسی ئەی ئێف پی رایگەیاند، لەگەڵ گەیشتنی وەزیری بەرگری ئەمریكا بۆ فڕۆكەخانەی كابولی پایتەختی ئەفغانستان، مووشەكێك ئاڕاستەی فڕۆكەخانەكە كراوە و لەنزیك شوێنی نیشتنەوەی فڕۆكەكەی وەزیری بەرگری ئەمریكا كەوتۆتە خوارەوە بەڵام هیچ زیانێكی لێنەكەوتۆتەوە.


هاوكات سەردانی وەزیری بەرگری ئەمریكا بۆ كابول، بەمەبەستی كۆبوونەوە بووە لەگەڵ ئۆپراسیۆنی ئەتڵەسی كە ژەنراڵ جۆن نیكڵسۆن فەرمانداری دەكات و بارەگاكەی لە كابولی پایتەختی ئەفغانستانە.

هەربەپێی ئاژانسی هەواڵی ئەی پی، وابڕیارە لەگەڵ ئەشرەف غەنی سەرۆكی ئەفغانستان كۆببنەوە و تاوتوێی ئەو فشارانە بكەن كە بەهۆی جموجوڵەكانی بزووتنەوەی تاڵیبان و رێكخراوی تیرۆریستی داعش رووبەڕووی حكومەتی كابول بۆتەوە.

پێویستە بوترێت لەگەڵ پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەكانی نێوان ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و كۆریای باكور، جەیمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریكا، بەسەردانێك لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئاسیایە و پێش سەردانی بۆ ئەفغانستان، وەزیری بەرگری ئەمریكا لە هیندستان بووە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەش كۆبوونەوەی ئەنجامداوە.




د.ف


AM:10:25:27/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 2960 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو