ئەمەریكا 3500 سەربازی دیكە بۆ ئەفغانستان دەنێرێت

‌جگە لە ئەفغانستان ئەمریكا لەچەندین وڵاتی تر بنكەی سەربازی هەیە

وێستگە نیوز-

بەرپرسانی ئەمەریكا ڕایانگەیاند بەنیازن نزیكەی 3500 سەربازیی دیكە بۆ ئەفغانستان بنێرن.

لێدوانی بەرپرسە ئەمەریكییەكان كە نەیانویستووە ناویان بڵاوبكرێتەوە لەكاتێكدایە، كە جەیمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمەریكا و جۆزێف دانفۆرد سەرۆكی ئەركانی لەشكری ئەمەریكا بەمەبستی گفتوگۆكردن لەسەر ستراتیژییەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ناوچەكە لەگەڵ ئەندامانی كۆنگرێسدا كۆبوونەوەی داخراو ئەنجامدەدەن.

بەپێی زانیارییەكانی دەنگی ئەمریكا، ئەگەر ئەو ژمارەیە ڕاست دەرچێت ئەوا ژمارەی سەربازانی ئەمەریكی لە ئەفغانستان دەگاتە نزیكەی 14500 سەرباز.

دوای پێداچوونەوەیەكی چەند مانگەی بەڕێوبەرایەتیەكەی ترەمپ بە سیاسەتی ئەمەریكا لە ئەفغانستان، ترەمپ هەفتەی ڕابردوو پابەندبوونی خۆی دووپاتكردەوە لە جەنگەكەداو بەڵێنیدا ئەركە سەربازییەكان دژی تاڵیبان زیاد بكات.

پێشتر ماتیس هەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو "فەرمانی ناردنی هێزی سەربازیی زیاتر بۆ ئەفغانستان ئیمزا كردووە"، بەڵام باسی لە ژمارەی سەربازەكانی نەكرد كە دەیاننێرن و وتی "دەبێت سەرەتا بە كۆنگرێس بڵێت".

بەرپرسانی ئەمەریكی چەند مانگێكە بە ئاژانسی ‌دەنگوباسی ڕۆیتەرزیان وتووە، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتی داوەتە ماتیس تاوەكوو نزیكەی چوار هەزار سەربازیی دیكە بۆ ئەفغانستان بنێرێت.

پێویستە بوترێت لەساڵی 2011دا ژمارەی سەربازانی ئەمەریكی لە ئەفغانستان گەیشتە زیاتر لە 100 هەزار سەرباز كاتێك لەو كاتەدا واشنتن لەژێر فشاری سیاسیدا بوو بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەوە.


PM:03:45:07/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 1692 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو