بڕیار و رێنمایی نوێ بۆ دەستپێكردەوەی قەرزی لاوان ده‌رده‌كرێت


وێستگه‌ نیوز ـ
بەرپرسێكی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی ئاشكرای دەكات بڕیار و رێنمایی نوێ بۆ دەستپێكردنەوەی قەرز بە پڕۆژە بچوكەكان دەردەكرێت و داوای 600 ملیار دیناریان لە وەزارەتی دارایی کردووە.

ئارام ئەنوەر، بەرێوەبەری سندوقی پشتیوانی پرۆژە بچووكەكانی لاوان لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بە هه‌فته‌نامه‌ی باسی راگه‌یاند: بەم نزیكانە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بۆ دەركردنی بڕیار و رێنمایی تازە بۆ قەرزی  بچوك كۆدەبێتەوە.

وتیشی: "ئەو كۆبونەوەیە و دەركردنی رێنمایی و بڕیاری تازە بە مەبەستی دەستپێكردنەوەی پێدانی قەرزی بچوك دەبێت بە لاوان كە ماویەكی زۆرە بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستاوە".

ئاماژەی بەوەدا دوای دەستپێكردنەوەی پڕۆسەكە هەندێك رێنماییش دەستكاری دەكەن، وتیشی: "چاوەڕێ دەكەین بڕە پارەیەك لە وەزارەتی دارایی بخرێتە سەر حیسابمان، پێشووتریش ئەو بابەتە بە نوسراو لە نێوان ئێمە و وەزاەرتی دارایی هەبووە و هیوادارین بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی روونی كردەوە داوای 600 ملیاردیناریان لە وەزارەتی دارایی كردووە و ئەوانیش رەزامەندیان پیشانداوە.

سەبارەت بە رێنماییەكان بۆ ئەو كەسانەی قەرزەكانیان لە لایە بۆ گه‌ڕاندنەوەی ئەو دەیوت: "وەرگرتنەوەی قیستی قەرزەكان راگیراوە، تەنها  هەندێك كەس بە ئارەزوومەندانە دەیگەڕێنەوە و نایانەوێت لەسەریان كەڵەكە بكێت".

تا ئێستا هه‌شت هەزار و 136 سودمەند بوو لەو قەرزانە هەیە، ئەوەش لە كاتێكدایە لە تەمموزی 2011  پێدانی قەرزەكە دەستی پێكردوە، كە لە نێوانی ملیۆنێك تا 15 ملیۆن دینار بەهەر كەسێك دەدرێت كە قەرزەكە وەردەگرێت.

ئارام ئەنوەر، ئاشكرای كرد دەیانەوێت میكانیزمی دابەشكردنی قەرزەكە پێداچوونەوەی پیادا بكەن و دەستكاری بكەن بۆ ئەوەی كارەكان خێراتر بن و خەڵكێكی زیاتریش بەهۆیەوە سودمەند بن، وتیشی: "ئەو كەسانەی كە دۆسیەی پێدانی قەرزەكانیان تەواو بووە و چاوەڕوانی پێدانی قەرزن ژمارەیان زیاتر لە 500 كەسە، خەڵكێكی زۆریش هەیە چاوەڕوانی پێشكەشكردنی داواكاری و پڕۆژەكەیەتی بۆ وەرگرتنی قەرز".
ئەو جەخت دەكاتەوە هەندێك رێكخراو هەیە بڕیاریانداوە هاوكاری پڕۆەكە بكەن بۆ پێدانی قەرز بە لاوان.

بە وتەی ئەو، سندوقی قەرزی بچوك بڕی 30 ملیار دیناری وەك حیساب تێدایە ئەویش پارەی ئەو قیستانەیە كە خەڵك گەڕاندویانەتەوە، وتیشی: "پێشنیازی ئەوە كراوە لەو بڕە پارەیەی  كە لەو هاوڵاتیانە وەردەگیرێتەوە كە قەرزی پڕۆژە دەگەرێننەوە مانگانە تەرخان بكرێتەوە بۆ بەردەوامی پڕۆژەكان و پێدانی قەرز.

بەپێی رێنماییەكان ئەو كەسەی داوای قەرز دەكات دەبێت تەمەنی لە 15 بۆ 35 ساڵی بێت، توانای بەرێوەبردنی پرۆژەی هەبێت لە دوكانێك تا مۆڵێك یان پرۆژەیەكی قازانج ویست، فەرمانبەری حكومەت نەبێت و لە كاتی وەرگرتنی قەرزەكە دەبێت كەفیلی هەبێت ئەگەر پارەكە كەم بێت یەك كەفیلی دەوێت، بەڵام ئەگەر 15 ملیۆن بێت ئەوە دەبێت دوو كەفیلی هەبێت.


AM:11:38:26/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 10948 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو