نه‌جیبه‌ نه‌جیب: حكومه‌تی عیراق له‌ هیچ كام له‌ قه‌رزه‌كان به‌شی هه‌رێمی نه‌ناردووه‌

‌نەجیبە نەجیب

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار
نه‌جیبه‌ نه‌جیب، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئابووری و وه‌به‌رهێنان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ئاشكرایكرد، له‌ هیچ كام له‌و قه‌رزانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن وڵاتانی كۆمه‌ك به‌خشه‌وه‌ دراونه‌ته‌ عیراق هیچ كامیان پشكی هه‌رێم نه‌نێردراوه‌، ده‌شڵێت: "كاتێك قه‌رز ده‌درێته‌ هه‌رێم كه‌ ئه‌و وڵاته‌ی قه‌رزه‌كه‌ ده‌دات به‌و مه‌رجه‌ بیدات كه‌ پشكی هه‌رێمی لێبدرێت".

نه‌جیبه‌ نه‌جیب، به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: "له‌ دوای هاتنی داعش و كاولكارییه‌كانی له‌ عیراق و به‌شێكی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، بۆ بنیات نانه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ لایه‌ن چه‌ند وڵاتێك و بانكی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ 10 تا 15 ملیار دۆلار وه‌ك قه‌رز درایه‌ عیراق".

وتیشی: "له‌ هیچ كام له‌و قه‌رزانه‌دا پشكی هه‌رێمی كوردستان نه‌نێردراوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وڵاتێك خۆی به‌و مه‌رجه‌ قه‌رز بداته‌ عیراق كه‌ پشكی هه‌رێمی كوردستانی لێ بدرێت، ئه‌وكات قه‌رزه‌كه‌ پشكی هه‌رێمی كوردستانیشی لێده‌درێت، كه‌ تا ئێستا شتی وا رووی نه‌داوه‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئه‌وه‌شی وت: "جگه‌ له‌و قه‌رزه‌ی له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ نێردرا، هه‌رێم هیچ قه‌رزێكی وه‌رنه‌گرتووه‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، ئه‌وان به‌دواداچوونی به‌رده‌وام ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزانه‌ی دێنه‌ عیراقه‌وه‌ پشكی هه‌رێمیشیان لێبدرێت، به‌ڵام عیراق هیچ كام ئاماده‌ نه‌بووه‌ پشكی هه‌رێم له‌و قه‌رزانه‌ بدات.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 26ی ئابی 2017، ئاژانسی فرانس پرێس لەزاری بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنساوە بڵاویكرده‌وه‌، لەئێستادا كە وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەیان بەسەردانێك لە عیراقە، لەمیانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاندووە" كەوا فەڕەنسا تا پێش كۆتایی ئەمساڵ 2017، بڕی 430 ملیۆن یۆرۆ واتە 512 ملیۆن دۆلار وەك قەرز دەداتە حكومەتی عیراق.

پێدانی قەرز بە عیراق لەلایەن فەڕەنساوە لەكاتێكدایە، كە پێشتر ئەحمەد حاجی رەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاندبوو، كۆی قەرزەكانی عیراق تا ئێستا گەیشتووەتە 119 ملیار و 725 ملیۆن دۆلار، بەڵام كێشە ئەوەیە كە هێشتا عیراق لە هەوڵی وەرگرتنی قەرزی دیكەدایە بۆ ئەوەی بتوانێ خەرجییەكانی شەڕ و مووچەی فەرمانبەرانی هەڵبسوڕێنێت.


PM:06:19:26/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 3000 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو