قەرزی خانووبەرە و كشتوكاڵ و پیشەسازی و پڕۆژە دەدرێتە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان


وێستگه‌ نیوز ـ
ئەیسەر جەبار، وتەبێژی بانكی ناوەندی عیراق چەند پرسێكی په‌یوەست بە بانكی ناوەندی و كردنەوەی لقی بانكەكەیان لە هەولێر دەخاتەڕوو، ئاشكراشیدەكات، چەند جۆرە قەرزێك دەدرێتە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان.


ئه‌یسه‌ر جه‌بار، له‌ گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ هه‌فته‌نامه‌ی باس، ئاماژەی بەوەدا لقی هەولێری بانكی ناوەندی كراوەتەوە و كارەكانی بەرێوەدەبات و بڕی 250 ملیار دیناریشی بۆ رەوانە كراوە.

وتیشی: "ئەو 250 ملیار دینارە بۆ كاراكردنی لقی بانكی ناوەندیە لە هەولێر و پێدانی پارەیە بە كۆمپانیا و بانكەكان".

ئه‌یسه‌ر روونی كردەوە، لە داهاتوویەكی نزیكدا دەست دەكەن بە پێدانی قەرز بە هاوڵاتیان، وتیشی: "لە داهاتوویەكی نزیكدا پاش تەواوبوونی كارەكان  چەند جۆرە خزمەتگوزاریەكی بانكی پێشكەش بە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكەین لە قەرزە جۆراوجۆرەكان".

ئاشكراشیكرد، قەرزی خانووبەرە و قەرزی كشتوكاڵ و پیشەسازی و چەند قەرزێكی تری جۆراوجۆر كە لە پارێزگاكانی تر هەیە لێرەش دەدرێتە هاوڵاتیان و فەرمانبەران، وتیشی: "بڕە پارەیەك بە قەرز بەوكەسانە دەدەین كە پڕۆژەی بچوك و مام ناوەندی و گەورەیان هەیە ئەو پارەیەش لە رێگای بانكه‌ ئەهلەیكان دەدرێت".

وته‌بێژی بانكی ناوه‌ندی راشیگه‌یاند، ساڵی 2017 بانكی ناوەندی شه‌ش ترلیۆن دیناری بۆ پێدانی قەرز تەرخان كرد، پێنج ترلیۆنی لە رێگەی بانكەی ئەهلییەكان بۆ  كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵی و خانووبەرە تەرخان كردووە و بڕی یه‌ك ترلیۆنیشی دایە بانكە حكومیەكان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی بچوك و گەورە، ئەمساڵ ئەو پلانە هەرێمی كوردستانیشی تیادایە.

ئەیسەر جەبار، جەختی كردەوە لە ماوەیەكی نزیكدا لقی بانكی ناوەندی لە سلێمانیش دەكرێتەوە، وتیشی: "بە شێوەیەكی كاتی لقی هەولێر بانكی ناوەندی لە باڵەخانەی پێشووی بانكی هەرێمدایە و بڕیارە باڵەخانەیەكی تایبەت بە خۆمان دروست بكەین و كارەكانی تیادا بەڕێوە دەبەین".

سەبارەت بە یەدەگی پارەی عیراقی ئەو بەرپرسەی بانكی ناوەندی دەڵێت: یەدەگی پارە جێگیرە ئەوەش وتەی بەرپرسان و رێكخراوی دراوی نێودەوڵەتی، ئێستا یەدەگی پارەی عیراق 48 ملیار دۆلارە.

جەختی كردەوە پێشووتر لە ساڵی 2014 یەدەگی بانكی ناوەندی 80 ملیار دۆلار بووە، لەگەڵ ئەوەی پارەیەكی زۆری یەدەگ كەمی كردووە، بەڵام ئەیسەر دەیوت: "ئەو یەدەگەی ئێستا هەیە سەقامگیرە و جێگەی نیگەرانی نیە و كەم بوونەوە و زیاد بوونی پەیوەندی بە داهاتی نەوت هەیە".
 لە بارەی  یەدەگی زێڕ لە بانكی ناوەندی ئاشكرای كرد، "عیراق 83  تەن زێڕی هەیە و لە ریزبەندی عەرەبی پێنجەمە و لە جیهانیش لە پلەی سی و حەوتە".

ئەو وتەبێژەی بانكی ناوەندی عیراق جەختی كردەوە بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو یەدەگی زێڕیش كەمی كردووە و لە ساڵی 2014  زێڕی فرۆشتووە و دوای ئەوە زێڕی نەكڕیووە.

سەبارەت بەوەی  بۆچی‌ بەشی هەرێمی كوردستان لەو یەدەگە نادرێت ئەو وتی: "ئەو یەدەگە هی هەموو عیراق و بەشی هەمووی تیادایە و لە كاتی قەیران ئێمە هاوكاری هەرێمی كوردستانمان كردووە".

ئەیسەر جەبار دووپاتی دەكاتەوە، ئەوان وەك بانكی ناوەندی عیراقی پابەندی مەرج و رێنماییە جیهانیەكان بە تایبەت لە بەرەنگاربوونەوەی سپی كردنەوەی پارەدا، وتیشی: "نووسینگەی تایبەت بە نەهێشتنی سپی كردنەوەی پارەمان هەیە و ستراتیژیەتیمان بۆ ئەمساڵ هەیە و هاریكاری و رێكەوتنیشمان لەگەڵ زۆر لایەن بۆ ئەو كارە كردووە، لە عیراق تاوانی پارە سپی كردنەوە هەیە و خەڵكانێك ئەو كارە دەكەن و مافیان".

ئەو بەرپرسەی بانكی ناوەندی راشیدەگەیەنێت، ئەوان مامەڵەی خۆیان لەگەڵ هەموو بانكەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن و پەیوەندیان بە كێشە سیاسیەكانەوە نیە.

سەبارەت بە دەركردنی جۆری تازەی دراوی عیراقی دووپاتی كردەوە هیچ جۆرە دراوێكی تازە لە بەرنامە نیە دەربكرێت، وتیشی: "سەبارەت بە پارەی كۆن لە هەرێمی كوردستان ئێمە ئەو كێشە چارەسەر دەكەین و پارەی تازە چاپ كراو دەهێننین بە تایەت دراوی جۆری 50 هەزار دیناری".

هــ. ر


AM:10:01:20/02/2018


ئه‌م بابه‌ته 50940 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو