کەجەکە: دەبێت تورکیا مەمنون بێت میتە دەستگیرکراوەکان لە ڕاگەیاندن بڵاوناکەینەوە

‌لۆگۆی كۆما جڤاكێن كوردستان كەجەكە

وێستگە نیوز- دانيار فاروق

ئەندامێكی دەستەی سەرۆكایەتی كۆما جڤاكێن كوردستان كەجەكە، دەستگیركردنی ژمارەیەك ئەندامی میتی توركیا بە رەسمی ئاشكرا دەكات.

دیار غەریب، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی گشتی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، لەچاوپێكەوتنێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەری رۆژ نیوزی نزیك لە پەكەكە دەستگیرکردنی چەند ئەندامێکی میت-ی تورکیا پشتڕاست دەکاتەوەو ڕایدەگەیەنێت: دەبێت تورکیا مەمنون بێت کە دەستگیرکراوەکانی میت-مان لە میدیاکانەوە بڵاونەکردووەتەوە، ئێستاش دەتوانین بڵاوی بکەینەوە.

ئەو ئەندامەی دەستەی سەرۆكایەتی گشتی كەجەكە لەبارەی هاتنە پێشەوەی كۆمەڵێك پرسیار سەبارەت بەو دۆخەی نێوان یەكێتی توركیا وتی: ئەم بابەتە سەرنجی خەڵكی هەرێمی كوردستانی بەلای خۆیدا راكێشا، ئەو پرسیارەش لەلای زۆربەی خەڵك دروستبوو كە بۆچی توركیا هەڵوێستێكی بەو شێوەیەی نیشاندا؟ ئایا ئەو هەڵوێستە بەبێ هۆكارە؟ یان هۆكارێك لە پشتی ئەو هەڵوێستەوە هەیەو خەڵك نایزانێت؟ ئایا هەڵوێست و فشارەكان هەر بەوەندەوە كۆتاییان دێت یان فشاری تریان بە دوادا دێت؟ ئایا ئامانجی دەوڵەتی توركیا لەو هەڵوێستە چیە؟ ئەوانەو گەلێك پرسیاری تر كە دەكرێت بوروژێندرێن، لەو روەشەوە ئەندامەكەی دەستەی سەرۆكایەتی گشتی كەجەكە ئاشكرایكرد" رۆژێك دوای ئەوەی كە نوێنەری یەكێتی نێردرایەوە سلێمانی، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتی "هۆكاری ئەو هەڵوێستە سەرنەكەوتنی ئۆپەراسیۆنێكی دەوڵەتی توركیایە لەناوچەی سلێمانی، دەوڵەتی توركیاش یەكێتی بە بەرپرسیاری ئەو سەرنەكەوتنە دەزانێت"، هەر هەمان رۆژ بەرپرسی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دوور لە سیاسەتی فەرمی یەكێتی و دوور لەهەڵوێستی نەتەوەیی و ئادابی سیاسەتێكی بە ئیرادەو سەربەخۆ پەكەكەی تۆمەتبار كردو سیاسەتی پەكەكەی وەكو هۆكار بۆ ئەو هەڵوێستەی توركیا دەستنیشان كرد، هەر بەوەوە نەوەستا، هەبوونی پەكەكەی لە باشوور وەكو مەترسی بۆ سەر باشووری كوردستان و دەسكەوتەكانی دیاریكرد، داوای لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەكرد كە سنوور بۆ پەكەكە دابنێن، بێگومان ئەو لێدوان و هەڵوێستە نەك خزمەت بەكورد و كوردستان ناكات، بەڵكو خزمەت بە یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش ناكات.

ئەندامەكەی دەستەی سەرۆكایەتی گشتی كەجەكە سەبارەت بە هەڵوێستەكەی توركیا وتی: وەكو سەعدی ئەحمەد پیرە وتی"ئەو هەڵوێستەی توركیا كاردانەوەیە لەبەرامبەر سەرنەكەوتنی ئۆپەراسیۆنێكی دەوڵەتی توركیا لە سلێمانی"، واتە توركیا تەنیا بەوە لە یەكێتی ڕازی دەبوو كە هاوكاریی بكات بۆ سەرخستنی ئۆپەراسیۆنەكانی، هەروەها بەگوێرەی قسەی ئەو بەرپرسەی یەكێتی لە هەولێر پەكەكە كاتێك تۆمەتبار نەدەبوو كە ملی خۆی بخاتە بەردەستی میت و جەندرمەی تورك و خۆی بكاتە قوربانیی، هەر بۆیە ئەو پرسە دێتە پێشەوە كە ئایا ڕەوایە دەوڵەتی توركیا لە ناو خاكی باشووری كوردستاندا لە دژی هێزێكی كوردی ئۆپەراسیۆن بكات؟ ئایا ڕەوایە كە یەكێتی هاوكاری ئۆپەراسیۆنی بەو شێوەیە بكات؟ ئایا ڕەوا نییە پەكەكە یان هەر ڕێكخستنێكی كوردی تر لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆن و هێرشی داگیركەران خۆیان بپارێزن؟ ئەگەر مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە قسەی ئەو بەرپرسەی خۆی بكات ئەوا دەبێت كردەوەكانی توركیا هەموو بە ڕەوا بزانێت و خۆپاراستنی پەكەكەش بە ناڕەوا.

دیار غەریب، سەبارەت بە هەڵوێستی یەكێتی و سیاسەتەكانی بەرانبەر پەكەكە بە پرسیارێكی سەرسوڕهێنەر دەستیپێكرد و وتی: ئایا دەبێت هێزی یەكێتی بكەوێتە پێش هێزی ئۆپەراسیۆنی توركیاوە، ببێتە چاوساغ و كەوا سووری بەر لەشكریان و دژی پەكەكە ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن، تەنیا بۆ ئەوەی دڵی دەوڵەتی توركیا و ئەردۆغان گەرد نەگرێت،‌ دیارە هەڵوێستی بەو شێوەیە یەكێتی بەرەو كوێ دەبات! هەر كەسێكیش دەزانێت نە لەڕووی سیاسییەوە، نە لە ‌ڕووی یاساییەوە نە لە ڕووی نەتەوەییشەوە ئەوه ‌كارێكی ڕەوا و ڕاست نییە ‌و دەبێت هەڵوێستەكان پێچەوانەی ئەوە بن.

ئەو ئەندامەی دەستەی سەرۆكایەتی گشتی كەجەكە سەبارەت بە نیشاندانی میتەكان لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن تیشكی خستە سەر ئەوەی: مێژوویەكی دوور نییە‌و هەموومان لەبیرمانە كە ساڵی 2003 چۆن ئەمریكییەكان تورەكەیان كردە سەری بەرپرسانی تورك لە سلێمانی و لە ‌ڕاگەیاندنیشدا بڵاویانكردەوە ‌و كردنیان بە پەند، ئەوەشیان تەنیا بۆ ئەوە كرد كە بە توركیا بڵێن سنووری خۆت بەزاندووە و بۆت نییە لە سلێمانی و ئێراقدا هەبوونێكی بەو شێوەیەت هەبێت، دیارە ئێستاكە دەبێت توركیا مەمنوون بێت كە هاوشێوەی 2003 بەرپرسەكانیان بە تورەكەوە لە ڕاگەیاندندا نیشان نەدران.

دیار غەریب وتیشی: بێگومان پەكەكە دەتوانێت دەستگیركردنی ئەو بەرپرسانەی میت كە خواستویانە سنووری ئیدارەی سلێمانی بكەنە جێگەی پلاندانان بۆ كردەوەیەكی قێزەون و دیارترین بەرپرسانی پەكەكە تیرۆر بكەن، بكاتە هەواڵ و لە ڕاگەیاندندا بڵاوی بكاتەوە، كە ئەوەی نەكردووە بۆ ئەوەبووە كە خەڵكی كوردستان پەنجەی تاوان بۆ یەكێتی و بەرپرسانی ئیدارەی سلێمانی درێژ نەكەن، ئێستاش ئەگەر پێویست بكات دەتوانێت بیانداتە ڕاگەیاندن. 

ئەندامەكەی دەستەی سەرۆكایەتی كەجەكە سەبارەت بە هەڵوێستی یەكێتی دەڵێت: وەكو هەنگاوی یەكەم دەتوانین بڵێین، ئەو ڕوونكردنەوەیەی كە سەعدی ئەحمەد پیرە كردی بەناوی مەكتەبی سیاسی یەكێتیەوە، هەڵوێستێكی ئاسایی بوو، دیارە بەرپرسانی یەكێتی نایانەوێت بابەتەكە قوڵتر ببێتەوه، دوای ئەو ڕوونكردنەوەش ئەوەی كە دەبوو كادیرێكی یەكێتی بیڵێت و داوای بكات لە مەكتەبی سیاسی حزبەكەی ئەوەبوو كە بڵێت"توركیا مافی ئەوەی نییە لەبن ناوی كاری دیبلۆماسیدا، باشوور بكاتە مەیدانی كردەوەی تیرۆریستی.

دیار غەریب ئەوەشی وت: دەبێت یەكێتی چۆك بۆ فشارەكانی دەوڵەتی تورك دانەدات، چونكە دەوڵەتی توركیا كاری ناقانوونی دەكات، هاوكات دەستخۆشی لە پەكەكەش بكات كە ئۆپەراسیۆنەكەی دەوڵەتی توركیای پووچەڵ كردوەتەوه ‌و ڕێگای نەداوە یەكێتی تووشی ئابڕووچونێكی مەزن ببێت، هەروەها داوا لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی بكات كە هەرچی دیبلۆماتی توركیایە لە سنووری سلێمانیدا بیاننێرێتەوە بۆ توركیا و كاری سەرجەم كۆمپانیا توركییەكان ڕابوەستێنێت، دەبوایە یەكێتی خۆی نوێنەرەكەی خۆی بانگ بكردایەتەوه.
 
ئەو ئەندامەی دەستەی سەرۆكایەتی كەجەكە وتیشی: پێیوستە هەتا دەوڵەتی تورك داوای لێبوردن نەكات و پەیمان نەدات كە كاری بەو شێوەیە دووبارە نەكاتەوە، ئەوا یەكێتی هەڵوێستی خۆی نەگۆڕێت، بێگومان ئەگەر ئەو بەرپرسە هەڵوێستێكی بەو شێوەیەی نیشان بدایه،‌ دەستی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەهێز دەكردو دڵی گەلی كوردو ئەندامانی خۆشیانی خۆش دەكرد، ئاشكرایە توركیا ناتوانێت مانگێك بەرگەی هەڵوێستێكی بەو شێوەیە بگرێت، چونكە ئیتر توركیا ئەو هێزە نییە كە هەرچییەكی بیەوێت بۆی بچێتە سەر.
 
سەبارەت بە لێدوانی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، دیار غەریب وتی: ئەو لێدوانەی ئەو بەرپرسەی یەكێتی لە هەولێر دڵی توركیا خۆش دەكات، ئەندام و لایەنگرانی خۆیان و دڵسۆزانی كوردیش نیگەران دەكات و دەستی یەكێتی و حكومەتی هەرێمیش لاواز دەكات، دیارە بەشی زۆری بەرپرسانی یەكێتی و كادیرانی یەكێتی لەو ئاستەدان كە ئەو ڕووداوە باش بخوێننەوه ‌و هەڵوێستێك نیشان بدەن كە دڵی كوردو دۆستانی خۆش بكەن و وانەیەكی باشیش بدەنە توركیا و هەموو داگیركەرانی كوردستان، بۆ ئەوەی جورئەتی ئەوە نەكەن جارێكی تر بە كەیفی خۆیان ئەسپی خۆیان لە باشووردا تاو بدەن.

دیار غەریب سەبارەت بە پێگەی یەكێتی لەو دۆخەدا ڕایدەگەیەنێت: ئەمە تاقیكردنەوەیەكە بۆ یەكێتی، ئەگەر یەكێتی لەم تاقیكردنەوەیە بەسەركەوتوویی دەربچێت، ئەوا دەتوانێت سەروەری خۆی و گەلەكەی بپارێزێت و ببێتە نمونەیەكی باش بۆ حكومەتی هەرێم بەگشتی، ئەو هەنگاوەش دەبێتە سنوور دانان بۆ بەزاندنی سنووری باشووری كوردستان و سەروەرییەكەی، بێگومان لەم حاڵەتەدا خەڵكی باشووری كوردستان و گەلی كوردستان بەگشتی دەستخۆشی لێدەكەن و پشتیوانی یەكێتی دەكەن، بۆ ئەوەش دەبێت چۆك بۆ فشارەكانی دەوڵەتی تورك دانەدات و بە پێچەوانەوە فشار بخاتە سەر توركیا بۆ ئەوەی كە دەست لەو سیاسەتانە بەر بدات.

ئەندامەكەی دەستەی سەرۆكایەتی كەجەكە ڕوونیشی كردەوە: یەكێتی ئەگەر گوێ لە بەرپرسی فراكسیۆنەكەیان بگرن لە هەولێر و بكەونە تۆمەتباركردنی پەكەكە،‌ ئەوا ئەوەی زیانی گەورەی بەر دەكەوێت یەكێتی خۆیەتی، چونكە دەوڵەتی تورك ئەگەر لەم فشارەدا سەر بكەوێت، ئەوا ڕاناوەستێت هەتا بەتەواوی یەكێتی خۆی بەدەستەوە نەدات، ئەو كاتەش یەكێتی لە راستی كوردایەتی و نیشتمانپەروەری دوور دەكەوێتەوەو دەبێتە ئامرازێك بە دەستی دەوڵەتی توركیاوە و ئەویش بۆ مەرامەكانی خۆی بەكاری دێنێت، ئەوەش شتێك نییە لە لایەنی خەڵكی كوردستان و ئەندام و لایەنگرانی یەكێتیشەوە پەسند بكرێت، بێگومان ئاییندەیەكی نزیك وەڵاممان دەداتەوه ‌و بەئومێدی ئەوەی كە یەكێتی لەم تاقیكردنەوەدا سەركەوتوو بێت.

پێویستە بوترێت رۆژی 24ی ئەم مانگە، توركیا نوێنەری یەكێتی ناردەوە سلێمانی، بەپێی ئەو زانیاریانەی لەلایەنی دەزگا بەرپرسەكانی هەرێمی كوردستانەوە رادەگەیەندرا، توركیا ئیتر ڤیزا نادات بەو كەسانەی كە خەڵكی سلێمانی بن، ئەو كەسانەشی كە خەڵكی سلێمانی بن و لە توركیا بن ئەوا دەوڵەتی توركیا دیپۆرتیان دەكاتەوە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەست وێستگە نیوزدان، تائێستا حكومەتی توركیا بەهیچ شێوەیەك ڤیزای رانەگرتووە، بەڵكو ئەو پڕوپاگەندەیە لەلایەن چەند دەزگایەكی راگەیاندنەوە بڵاوكراوەتەوە.


AM:09:57:28/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 6552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو