بایک: هیچ نەما نەیکەن و هیچ نەما نەیفرۆشن بۆ لەناوبردنی پەکەکە

‌جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەرێوەبەرایەتی کەجەکە

وێستگە نیوز-

هاوسەرۆکی کەجەکە، باسی لە هەوڵەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دەكات و رایدەگەیەنێت" بۆ دژایەتی پەکەکە تورکیا لەگەڵ عێراق و ئێران کۆبووەوە، بۆ لەناوبردنی پەکەکە هەموو کارێک دەکەن، هیچ نەما تێپەڕی نەکەن و هیچ نەما لەو پێناوەدا نەیفرۆشن".
 
ئەم لێدوانەی جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەرێوەبەرایەتی کەجەکە لەمیانەی چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا دێت، سەبارەت بە دۆخی کوردستان و ناوچەکە و کۆبوونەوەکانی ئێران و تورکیا و  توركیا و عێراق و مەبەستەکانی ئەو کۆبوونەوانەی تاوتوێكردووە.
 
بایک لەسەرەتای چاوپێكەوتنەكەدا باسی پەیوەندییەکانی تورکیا و داعش و نوسرەی کردو رایگەیاند" دەسەڵاتداری ئەردۆغان و باهچەلی تووشی گیروگرفت بووە، ئەوەندەی دەسەڵاتەکەیان زیادیکرد، ئەوەندەش فاشیزم و زۆرداری دژی کۆمەڵگا زیادیکرد، وتیشی" دەیانەوێت دەوڵەتێکی نوێ پێکبێنن و بۆ ئەوەش فاشیزمیان بەرفراوان کردووەتەوە، ئەردۆغان بەنیاز بوو  لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی وەکو سەرۆکی بەرەی سوننە دەربخات، بۆ ئەوەش پەیوەندییەکانی بە داعش و نوسرەوە بەهێزکردو هاوکاریکردن، بەهۆی ئەو هاوکاریانەوە وێرانی قورس و کوشتاری زۆر ڕوویاندا، بەڵام هیچ ئەنجامێکیان لەو کارانە دەست نەکەوت.
 
وتیشی "لەلایەکی ترەوە بەهۆی ئەو کارانەوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کەس لەگەڵ ئەردۆغان و باهچەلی نەمایەوە، کۆمەڵگای تورکیایان پارچەکرد، تەنیا ئەو کەسانەی بەرژەوندییەکانیان گرێدراوی خۆیانە لە کۆمەڵگای تورکیادا مانەوەو ئەوانی تر هەموو زیانیان بەرکەوت.
 
بایک لە بەردەوامیدا چاوپێكەوتنەكەدا وتیشی "پەکەکەیان کردووەتە بەهانە بۆ قڕکردنی گەلی کورد، تێکۆشانی پەکەکە ڕێگا ناداتە ئەوان بگەنە ئامانجەکانیان، بۆ ئەوەی پەکەکە بە ئامانج بگرن هێرش دەکەنە سەر گەلی کورد، هەرچی هەوڵدەدەن هیچ ئەنجامێکیان دەست ناکەوێت، ئەمڕۆ ئەردۆغان و باهچەلی تێگەیشتوون کە خەون و خەیاڵەکانیان ڕاست نەبوون و بەدینەهات، نەیانتوانی ئەردۆغان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک سەرۆکی سوننەکان دەربخەن و نەیانتوانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانییەکان پێکبێنن، هەموو ئامانجەکانیان یەک لەدوای یەکدی لەناوچوون و تێکشکان".
 
هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە باسی لەوەشکرد: هەموو هەوڵدانەکانیان بۆ لەناوبردنی پەکەکەیە، چونکە باش دەزانن تا پەکەکە مابێت ناتوانن دژی گەلی کورد ئۆپەراسیۆنی قڕکردن ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی بتوانن دژی پەکەکە هەوڵدانی جدی ئەنجامبدەن لەگەڵ عێراق و ئێران کۆبوونەوە، لەگەڵ هەموو لایەنەکان دادەنیشن بۆ ئەوی بتوانن بە هاوکاریانەوە گورز لە پەکەکە بدەن، بۆئەوەی بتوانن پەکەکە لە ناو ببەن هەموو کارێک دەکەن، هیچ نەما تێپەڕی نەکەن و هیچ نەما لەو پێناوەدا نەیفرۆشن، بەهۆی ئەو کردەوانەشیانەوە تورکیا کەوتووەتە دۆخێکی نالەبار و سەختەوە، کێشەکان کۆمەڵگای تورکیایان داگرتووە، تورکیا بەو کارانەیانەوە نەک سەر ناکەوێت بەڵکو زیاتر ڕوو دەکاتە شکستهێنان و لەناوچوون و کێشەکان زیاتر دەکاتەوە.
 
بایک باسی له هەولەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی تورکیا لەگەڵ ئێران و عێراق کرد دژی پەکەکەو وتی: تورکیا دەیەوێت بە هاوکاری ئێران و عێراق دژی پەکەکە ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدات، بەرژەوەندی ئەو وڵاتانە لە ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا نییە، ئێران و عێراق یان هەر دەوڵەتێکی دیکە بۆچی دەبێت بەشداری ئۆپەراسیۆبنی تورکیا دژی پەکەکە و گەلی کورد بێت؟، ئۆپەراسیۆنی لەو شێوەیە نەک هیچ یارمەتییەک نادات بەو وڵاتانە بەڵکو بە زیانیشیانە.
 
وتیشی: ڕاگەیاندنە تورکەکان دەڵێن، کە تورکیا لەگەڵ ئێران ڕێککەوتووە بۆ ئەوەی دژی شەنگال، قەندیل و ڕۆژئاوا ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدەن، ئێران دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو بانگەشانە بەدرۆی خستنەوەو ڕایگەیاند، کە شتی وا لە ئارادا نییە، دەسەڵاتداری ئەردۆغان و باهجلی نەک تەنیا بۆ گەلی کورد بەڵکو بووەتە بەڵا بۆ گیانی هەموو گەلانی ناوچەکە.
 
ڕاشیگەیاند: پەکەکە و کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵێکی ستراتژیان هەیە، کورد و پەکەکە بوونەتە هێزی ئاشتی و شەڕ، هەموو کەس ئەوە دەبینێت و لێشی تێدەگات، بۆیە کەس ناتوانێت لە سەر بنەمای داواکارییەکانی دەسەڵاتداری ئەردۆغان و باخچەلی هەڵوێستی خۆی ڕوون بکاتەوە، بەرژەوەندی کەس لەوە دا نییە و لەلایەکی دیکەوە لە بەرژەوەندیی هەمووان دایە کە لەگەڵ کورد و پەکەکە بن لەم دۆخەدا.
 
لە کۆتاییدا جەمیل بایک وتی:"هەمووان دەزانن کە هاوکاری دەسەڵاتداری ئەردۆغان و باخچەلی بەواتای تاوانبار بوونیانە، کەس نایەوێت ببێتە هاوبەش لەو تاوانانەی دژی هەموو بایەخە مرۆییەکان ئەنجام دراوە لەلایەن ئەو دەسەڵاتدارییەوە، لە بەرامبەردا دەشزانن باشترە خۆیان بە گەلی کورد و پەکەکە نزیک بکەنەوە و هاوکاری گەلی کورد و پەکەکە بکەن، تەنیا ئەمەیە کە دەتوانێت لەم دۆخەدا بکەوێتە خزمەتیانەوە لە بەرژەوەندیاندا بێت.


PM:05:02:26/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 3296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو