گەریلا لەدژی سوپای تورك چالاكی ئەنجامدا


وێستگە نیوز-

ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل- هەپەگە، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو ئاشكرایكرد، هێزەكانی گەریلا دژی سوپای تورك لە جولەمێرگ و وان و سێرت چالاكیان ئەنجامداوە و گورزی كوشندەیان لە سوپای تورك وەشاندووە.

هەپەگە لەراگەیەندراوەكەیدا ئاماژەی بەوەشكردووە، هێزەكانیان لە هەنگاوی شۆڕشگێڕانەی شەهید بەدران كرامۆ و شەهید نالین مووشدا، لە چەلێ و شەمزینانی سەربە جولەمێرگ چالاكیان ئەنجامدا و گورزی كوشندەیان لەهێزەكانی سوپای تورك داوە.

لەبەردەوامی راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە، رۆژی هەینی سەعات 3ی پاشنیوەڕۆ، گەریلاكانی یەژاستار دژی سەربازانی سوپای تورك لەگردی شەهید ڕۆناهیی سەربە شەمزینان چالاكیان ئەنجامدا، لەو چالاكییەدا گورزی قورسیان لە پێگەكانی سوپای توركداوە، بەڵام ژمارەی سەربازە كوژراو و بریندارەكانی سوپای تورك لەئەنجامی ئەو چالاكییەدا نەزندراوە.

هەپەگە راشیگەیاندووە، هەر دوێنێ رۆژی هەینی سەعات 10ی شەو هێزەكانیان دژی یەكینەیەكی كۆنترا گەریلا 'دژەگەریلا' لەدەوروبەری شەمزینان چالاكیان ئەنجامدا، لەو چالاكییەدا دژە گەریلایەك كوژراوە و یەكێكی دیكەش برینداربووە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكەی هەپەگە، هەر دوێنێ سەعات 10:30 خولەكی پێش نیوەڕۆ چالاكییەك دژی بارەگای ئیكەری سەربە چەلێ ئەنجامدرا، ئەو چالاكییە لە سێ قۆڵەوە پێكهات، لەئەنجامدا 6 سەربازی تورك كوژران و دوانی دیكەش برینداربوون، هەروەها سێ سەنگەری سوپای توركیش تێكشكێندرا.

لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هەپەگە باسی لەوەشكردووە، كەدوێنێ سەعات 7:30 خولەكی سەرلەبەیانی چالاكییەكی دیكە دژی سەربازەكانی سوپای تورك لە دەوروبەری چەلێ ئەنجامدراوە، ژمارەی سەربازە كوژراو و بریندارەكانی سوپای تورك لەو چالاكییەدا نەزاندراوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە بەهەمانشێوە باسی لەچالاكیی گەریلاكان لە وان و سێرت كردووەو ڕایگەیاندووە، هێزەكانمان لە هەنگاوی شۆڕشگێڕانەی شەهید سەردەم نودە-دا لە وان و سێرت چەند چالاكییەكیان ئەنجامدا، ڕۆژی 16ی مانگ ئەندامێكی میتی تورك لە وان لەلایەن هێزەكانیانەوە سزادرا، دوێنێش گەریلاكانی یەژاستار لەدەوروبەری هەرەكۆلی سەر بە سێرت چالاكییەكیان دژی سوپای تورك ئەنجامداوە، لەئەنجامی ئەو چالاكییەشدا 4 سەربازی تورك كوژراون.


PM:04:52:19/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 1796 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو