بەڤیدیۆ... ناسا وێنەی گەردەلولی هارڤی بڵاودەكاتەوە

‌گەردەلولی هارڤی بەهێزترین گەردەلول لەجیهاندا

وێستگە نیوز- دانیار فاروق

وێستگەیەكی ئاسمانی سەربە ئاژانسی ناسای ئەمریكی لەئاسمانەوە وێنەی گەردەلولی هارڤی گرتووە و تیایدا خێرایی ئەو گەردەلولە پیشان دەدات كە لە پلەی 4 پۆلێنكراوەو كەناراوەكانی تەكساس و بەشێك لە ولایەتی لویزیانای ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای گرتۆتەوە.

گەردەلولی هارڤی لەئێستادا خێراییەكەی گەیشتۆتە 210 كیلۆمەتر لە سەعاتێكداو بەدڕندانەترین گەردەلول هەژمار دەكرێت لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا.

گەردەلولی هارڤی بەیەكەم گەردەلولی پلە چوار دادەنرێت لەدوای گەردەلولی چارلی كە لەساڵی 2004ەوە بەشێكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای گرتەوە، هەروەها یەكەم گەردەلولە كە ولایەتی تەكساس دەگرێتەوە لەدوای گەردەلولی كارلا لە ساڵی 1961ەوە.

لە چوارشەممەی رابردووەوە ئامادەکارییەکان بەردەوامن بەرامبەر گەردەلوولی هارڤەی، لەو شوێنانەش کە کەوتنە بەر گەردەلوولەکە خەڵک ئاو و خۆراکی کەڵەکەکردووە.

لە 30 ناوچەی کارگێڕی تیکساس و سەرانسەری ویلایەتی لۆویسیانا لە شەوی هەینییەوە باری نائاسایی راگەیەندراوە.

فەرمانیش دراوە بەندەرەکانی هۆوستۆن، تیکساس ستی، گالڤەستۆن، فریپۆرت و کۆرپوس دابخرێن.

لە ئێستاوە بەهۆی گەردەلوولەوە تەزووی کارەبای ماڵی 31 هەزار هاووڵاتی پچڕاوە و گەشتە ئاسمانییەکانیش هەڵوەشێنراونەتەوە. بەمهۆیەوە لە قوتابخانەکان کراوەتە پشوو و ئەو کۆنسێرت و پێشبڕکێی یاریانەی پێشتر بەرنامەیان بۆ دانرابوو دواخران.

کەشناسان وای بۆ دەچن کە ئەو گەردەلوولە هەڕەشەیە بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان و ترسی ئەوەیشیان هەیە زەرەر و زیانی زۆری لێبکەوێتەوە.

فەرمانڕەوای ویلایەتی تیکساس، گریگ ئەبۆت هۆشداری داوە لەوەی کە لەوانەیە هارڤەی ببێتە هۆی کارەساتی گەورە و گیانلەدەستدان، داوایشی لە هاووڵاتییان کردووە تا پێیان دەکرێت خۆیان بپارێزن و لە ناوچەی کارەساتەکە دووربکەونەوە.

پەیوەندیدار بەوەوە، ناوبراو پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاند کە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و بەڕێوەبەری دەستەی کارگێڕی باری لەناکاو، برۆک لۆنگ لەبارەی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و ئامادەکارییەکان بەرامبەر گەردەلوولەکە کۆبووەتەوە.

ئەبۆت لە نووسراوێکدا داوای لە ترەمپ کردووە لەو ناوچانەی دەکەونە ژێر کاریگەری گەردەلوولەکە بە "ناوچەی مەترسیدار" رابگەیەنێت. 


PM:04:14:26/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 3876 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو