فڕۆكه‌كانی عیراق په‌یام به‌سه‌ر خه‌ڵكی ته‌له‌عفه‌ردا به‌رده‌ده‌نه‌ خواره‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

فڕۆكه‌كانی عیراق هه‌زاران په‌یام و بڵاوكراوه‌یان به‌سه‌ر ناوه‌ندی قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر فڕێدایه‌ خواره‌وه‌.

شانه‌ی جه‌نگیی عیراق شه‌وی شه‌ممه‌ 19ی ئابی 2017، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه‌ فڕۆكه‌كانی هێزی ئاسمانیی عیراق سه‌دان هه‌زار بڵاوكراوه‌یان به‌سه‌ر ناوه‌ندی قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر خستووه‌ته‌ خواره‌وه‌ كه‌ ئامۆژگاریی بۆ هاوڵاتیانی ئه‌و قه‌زایه‌ تێدایه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا به‌ هاوڵاتیانی ته‌له‌عفه‌ر وتراوه‌: "دوژمنه‌كه‌تان له‌ موسڵ به‌ كوشتن و راكردن و ده‌ستگیركردن كۆتایی پێ هات، هێزه‌ چه‌كداره‌كانیش كه‌ ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتن به‌بۆنه‌ی نه‌فامی و دواكه‌وتوویی داعش ده‌گڕێن، چه‌ند یه‌كه‌یه‌كیان به‌ره‌و ته‌له‌عفه‌ر جوڵه‌یان پێكراوه‌."

له‌ بڵاوكراوه‌كه‌دا خه‌ڵكی ته‌له‌عفه‌ر ئاگادار كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ "شه‌ڕی داهاتوو یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بێت بۆ رزگاركرنه‌وه‌ی قه‌زاكه‌ و ده‌ربازكردنتان له‌و شه‌ڕه‌ی به‌رۆكی عیراقی گرتووه‌"، داواش له‌ خه‌ڵكی ئه‌و قه‌زایه‌ كراوه‌ كه‌ "له‌ئێستاوه‌ خۆیان ئاماده‌ بكه‌ن، چونكه‌ شه‌ڕه‌كه‌ نزیكه‌ و سه‌ركه‌وتن به‌ڕێوه‌یه‌".

له‌ 15ی ئابی 2017، حامد خه‌زری، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عیراق راگه‌یاند كه‌ ئۆپراسیۆنی رزگاركردنه‌وه‌ی ته‌له‌عفه‌ر به‌ وه‌شاندنی گورزی ئاسمانی له‌ مۆڵگه‌كانی داعش ده‌ستپێده‌كات و پاشان شه‌ڕی وشكانیی به‌دوادا دێت.

پێشتریش ستیڤن تاونسێند، گه‌وره‌ جەنەراڵی سوپای ئه‌مریكا و به‌رپرسی هێزه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ لە عیراق رایگه‌یاند: هەڵمەتی سه‌ربازی بۆسەر تەلەعفەر بەمزوانە لەلایەن هێزەکانی عیراقەوە دەستپێدەکات و دەڵێت "شەڕی داهاتوو دوابەدوای ئەو چەند هەفتە رێکخستنه‌وه‌ی هێزە لەشکرییەکانی عیراق و ئامادەکاری دەزگاو چەکەو تەقەمەنییەکان بەتایبەتی دوابەدوای رزگارکردنەوەی شاری موسڵ لەمانگی حەوتدا دێت."

تەلەعفەر و ناوچەکانی دەوروبەری له‌ ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داعشدان بەتایبەتی پاش راگەیاندنی ئازادکردنی موسڵ کە بە دوه‌م گەورەترین شارەكانی عیراق دادەنرێت. 

تەلەعفەر دەکەوێتە رۆژئاوای موسڵ و له‌ 150 کیلۆمەتر خۆرهه‌ڵاتی سنوری سوریا دوورە و یەکێکە لەشارە هەرە بنەڕەتی و سەرەکییەکانی پشتیوانی و هاریکاری هێزەکانی داعش لەناوچەکەدا.

له‌ پرۆسه‌ی رزگاركردنه‌وه‌ی موسڵ، نزیکەی 1400 ئه‌ندامی هێزەکانی عیراق گیانیان لەدەستداوه‌ و زیاتر لە حه‌وت هه‌زاری دیكه‌ش برینداربوون.


PM:10:25:19/08/2017




ئه‌م بابه‌ته 2329 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو