بارزانی بۆ باڵیۆزی فەرەنسا: پارتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنێك كه‌ دوور بێت لە دیزاینی پێشوەختە


وێستگه‌ نیوزـ

ئه‌مڕۆ سێشەممە 16ی نیسانی 2024 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیمكوراتی كوردستان، پێشوازیی لە پاتریك دوریل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كرد و سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان وتی: "پارتی هەردەم ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كە دەرئەنجامەكانی دەرخەری ئیرادەی ڕاستەقینەی دەنگدەرانی بێت و پێکهاتەکان بتوانن نوێنەرایەتی ویست و دەنگی خۆیان بکەن و دوور بێت لە دیزاینی پێشوەختە و گیروگرفتی یاسایی و تەکنیکی. "

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی باره‌گای بارزانی كه‌ ناوه‌رۆكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ی بڵاوكردوه‌ته‌وه‌، مه‌سعود بارانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هیوای خواستوه‌ "لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان و بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێم و ڕەچاوكردنی كولتوور و بەهاكانی دیموكراسی لە خزمەتی پاراستن و بەهێزكردنی هەرێمی كوردستاندا بن.

له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، بارزانی به‌ باڵیۆزی فه‌ره‌نسای وتوه‌: گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بریتیە لە پێشێلكردنی دەستوور و پابەندنەبوون بە ڕێككەوتنەكان و دروستبوونی مەترسی لەسەر پڕۆسەی دیموكراسی و هەوڵدان بۆ لاوازكردنی هەرێمی كوردستان كە هەرێمێكی دەستووری و بەرهەمی قوربانیدانی دەیانساڵەی گەلەكەمانە. 

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، بارزانی بودجە و شایستە دارییەكانی هەرێمی كوردستانی بە "مافێكی سروشتی خەڵكی كوردستان" لە قەڵەم داوه‌و راگه‌یاندوه‌ كه‌ نابێت ئه‌م مافه‌ بە هیچ شێوەیەك بكرێتە كارتێكی سیاسی و لەدژی هەرێم بەكار بهێنرێت، پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامیی دیالۆگی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق ده‌ربریوه‌ و بە "باشترین ڕێگە بۆ چارەسەربوونی كێشەكان نێوان هەردوولا"ی وەسف كردوه‌.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا، وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی باره‌گای بارزانیدا هاتووه‌، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی نیشان داوه‌ بەوەی كە لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان لەنێوان هەولێر و بەغدا دیالۆگ بەرقەرارە و وتویه‌تی: فەڕەنسا هەموو كاتێك هاوسۆز و پاڵپشتی گەلی كوردستان دەمێنێتەوە و پێویستە مافەكانی گەلی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقێكی فیدڕاڵدا بپارێزرێن. 

باڵیۆزی فه‌ره‌نسا جەختیشی كردوه‌ته‌وه‌ كە وڵاتەكەی دیالۆگ بە باشترین ڕێگە دەزانێت بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و كێشە سیاسیەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان.


PM:05:49:16/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 652 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت