ئاری هەرسین: مەسرور بارزانی لە دێگەڵەوە دەسەڵاتی نییە


وێستگەنیوز_

ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دەڵێت، هەرێمی كوردستان دوو ئیدارەیە و سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەو دیو دێگەڵە دەسەڵاتی نییە، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیش دەڵێت، ئێمە نین دوو ئیدارەی دەكەین.


ئاری هەرسین، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، كە ئێستا بە دیفاكتۆ هەرێمی كوردستان دوو ئیدارەیە، زۆنی زەرد و سەوز هەیەو هەرچی سەرۆكی حكومەتەكە كە لە پارتی دیموكراتی كوردستانە و كاك مەسرورە، دەسەڵاتی نییە لەمدیو دێگەڵە.

وتیشی، ئێمە بە دیفاكتۆ دوو ئیدارەین، ئەمە نەك لە ئێستا، بەڵكو لە كابینەكانی ڕابردووش لە سەردەمی كاك نێچیرڤانیش،  هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ئێمە بە دیفاكتۆ دوو ئیدارەیین.

لەلایەكی ترەوە لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لەبارەی پرسی دوو ئیدارەییەوە بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، ئێمە پێشتر حكومەتێكمان هەبووە لە سلێمانی، بەڵام تەواوی حكومەتەكەمان تێكەڵكردەوە لەگەڵ حكومەتی هەولێر و ویستوومانە حكومەتێكی سەرتاسەریی لە هەرێمی كوردستاندا هەبێت.

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی باسی لەوەشكرد، ئەمە باشترین بەڵگەیە كە ئێمە ویستوومانە حكومەتێكی سەرتاسەریی لە هەرێمی كوردستان هەبێت، وە نامانەوێت ببینە بەشێك لە لێكترازانی نێو ماڵی كورد و نێو ماڵی یەكێتی و پارتی، بەڵام ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت بە بەرنامە كار لەسەر ئەوە دەكرێت دۆخێكی دارایی خراپ لە سنوری سلێمانی دروست ببێت.

پرسی دوو ئیدارەیی لە وتاری یەكێتی و پارتی لە كاتێكدایە، ئەو دوو حزبە لە ئێستادا ناكۆكییان هەیە لەسەر پرسی هەڵبژاردن و هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.


PM:06:35:14/05/2022


ئه‌م بابه‌ته 2320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت