وەزارەتی دارایی: رۆژی یەکشەممە دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات


وێستگه‌نیوزـ

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، زیاتر لە 231 ملیار دینار گەیشتە دەستیان و رۆژی یەکشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شەش دەکەن.


وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کەمێک لەمەوبەر بڕی 231 ملیار و 605 ملیۆن و 531 هەزار دینار وەک تەمویلی شایستەی مانگی حوزەیرانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان و خانەنشینانی شارستانی و سەربازی خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژی یەکشەممە 7ـی تەمووزی 2024، دەست بە دابەشکردنی مووچەی سەرجەم ئەو توێژانە دەکرێت کە ئاماژە بەناوەکانیان دراوەو تەمویلەکەیان گەیشتووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی.

ئەوە لە کاتێکدایە تا ئێستا پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان مووچەی مانگی پێنجیان وەرنەگرتووە و هیچ وادەیەکیش بۆ ناردنی مووچەکانیان دیارینەکراوە.


AM:11:46:04/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 3884 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت