دانیشتوانی گوندەکەی کامالا هاریس لە هیندستان نزا بۆ سەرکەوتنی دەکەن


وێستگەنیوز_

دانیشتووانی گوندی باپیری کامالا هاریس نزا دەکەن کاندیدی دیموکراتەکان ببێتە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا

ئەمرۆ سێشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2024، دانیشتوانی گوندی باپیری کامالا هاریس، لە باشووری هیندستان پێکەوە نزا و نوێژی بەکۆمەڵیان ئەنجامدا بۆ سەرکەوتنی کامالا هاریس، کاندیدی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.

باپیری هاریس زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر، لە گوندی "تولاسێندراپورام"ی ویلایەتی تامیل نادویی هیندستان لە دایک بووە کە زیاتر لە 13 هەزار کیلۆمەتر لە واشنتۆنەوە دوورە.

ئەمڕۆ دانیشتووانەکەی بە مەبەستی سەرکەوتنی کامالا هاریس، کاندیدی دیموکراتەکان پێکەوە لە پەرستگایەکی هیندۆسی نزای سەرکەوتنیان بۆئەنجامدا.

ئەگەر بێت و کامالا هاریس بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەربچێت، دەبێتە یەکەم ئافرەت لە مێژوودا ببێتە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هاوکات دوای باراک ئۆباما، دەبێتە دووەم ڕەشپێست، کە پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا وەربگرێت.

چوار ساڵ لەمەوبەر کاتێک جۆو بایدن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2020ی بردەوە و کامالا هاریسیش بووە جێگری، دانیشتووانی ئەم گوندە بە کۆمەڵ ئاهەنگیان گێڕا و دڵخۆشی خۆیان بۆ سەرکەوتنی کامالا هاریس دەربڕی.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2024، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە کاتژمێر 7ى بەیانی بەکاتی ئەمریکا و کاتژمێر 2ى پاشنیوەڕۆ بەکاتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و بڕیارە 47یەمین سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرێت.

هاوکات، لە دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا زیاتر لە 230 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا نزیکەی 186 ملیۆن کەس ناوی خۆیان بۆ دەنگدان تۆمارکردووە و نزیکەی 130 هەزار ناوەندیش لە سەرتاسەری وڵاتەکە بۆ دەنگدەران تەرخانکراوە.

دوو کاندیدەسەرەکییەکەی ئەم خولەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، بریتین لە دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان و کامالا هاریس کاندیدی دیموکراتەکان.


PM:01:44:05/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو