ئیدارەی گەرمیان: رێگە نادەین شوێنە گشتییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاربهێنرێت


وێستگەنیوز-


ئیدارەی گەرمیان لەبارەی ئەنجامدانی بانگەشە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "رێگەنادەین شوێنە گشتییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاربهێندرێت".


ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی ئەیلولی 2024، ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند، "دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، دوێنی 14ی ئەیلول مەزاری پیرۆزی ئەنفالکراوان لەگوندی دێبنە لە لایەن سەرۆکی بەرەی گەلەوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکارهێنراوە، لێرەوە دوپاتیدەکینەوە کە بەپێی یاساکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەکارهێنانی شوێنە گشتییەکان بۆ ئەنجامدانی بانگەشەی هەڵبژاردن قەدەغەیە".


ئاماژە بەوەشکراوە، "پشت بەستن بەو یاسایە بەهیچ شێوەیەک رێگەنادرێت بە هیچ حزب و لایەن و کاندیدێک شوێنە گشتیەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاربهێنێت".


ئەم راگەیەندراوەی ئیدارەی گەرمیان لەکاتێکدایە دوێنێ شەممە 14ی ئەیلولی 2024، لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کرد و چووە مەزاری ئەنفالکراوان لە گوندی دێبنەی سەر بە قەزای کەلار.


بڕیارە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت و بڕیارە لەنێوان 20 بۆ 25ی ئەیلول کۆمسیۆن وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری بکات.



PM:06:51:15/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 1272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت